سەرۆكی ئۆكرانیا: داوا دەكەین سزاكانی سەر روسیا قورستر بكرێن


ڤۆلۆدمیر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا رایدەگەیەنێت "روسیا هەموو ئەو شتانە لەناو دەبات كە مۆسكۆ لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا بەدەستیهێناون".
 
ڤۆلۆدمیر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاندووە "جەنگی نادادپەروەرانە و دوژمنكارانە هەمیشە باجێكی قورسی بۆ دوژمنكار دەبێت، داوا دەكەین سزاكانی سەر رووسیا قورستر بكرێن، داواشمان لە سەركردەی وڵاتە هاوپەیمانەكان ئەوەیە دژە مووشەكی زیاتر بۆ ئۆكرانیا  بنێرن، لەبەرئەوەی ئۆكرانیا وەكو پێویست چەكی بەرپەرچدانەوەی ئاسمانی نییە."
 
ناوبراو وتویەتی "ئەم شەڕەی رووسیا دەبێتە كەوتنێك بۆیان، كەوتنێكی بە ئازار، سەرەڕای ئەو بێهۆشكەرەی لەڕێگەی پڕوپاگەندەی تەلەڤزیۆنیشەوە بە خەڵك دەدرێت، هەست بە ئازارەكەی دەكەن."

ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا بەردەوامە، بەڵام تائێستا روسیا نەیتوانیوە ئەو وڵاتە بەتەواوی بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە.



PM:11:29:18/03/2022