فراكسیۆنی پارتی: ١١ فراكسیۆنمان لەگەڵ ئەوەین یاسای هەڵبژاردن وەك خۆی بێت و دەستكاری نەكرێت


فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، 11 فراكسیۆنی پەرلەمان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەم یاسایە ئەنجام بدرێت.

زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە "حیزبەكەی لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێشوازیمان كرد لە مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و لە بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە وای دەردەخات كە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە ١ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە وەك نوێنەری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بەڕەسمی ڕایدەگەیەنین پێویستە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراویدا  بەڕێوە بچن و بە هیچ شێوەیەك پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی پەرلەمانتارانی پارتی بەكارناهێنین بۆ درێژكردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی كورستان".

زانا مەلا خالید روونیكردۆتەوە ''ئامادەكاری كراوە و مەرسوم دەرچووە و سەرۆكی حكومەت لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردووە پێداویستییە لۆجستی و دارایییەكان ئامادە بكەن بۆ هەڵبژاردن، ئەوەی كە ماوە چارەسەركردنی گرفتی یاساییی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسییە كە ئەمە ئەركی پەرلەمانی كوردستانە.''

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وتوشیەتی "لە كۆی ١٦ فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان ١١ فراكسیۆنمان لەگەڵ ئەوەین یاسای هەڵبژاردن وەك خۆی بێت و دەستكاری نەكرێت، ٥ فراكسیۆن لەگەڵ ئەوەن لە یاسای هەڵبژاردندا گۆڕانكاریی بكرێت، لەم ٥ فراكسیۆنەی داوای گۆڕانكاری دەكەن تەنیا فراكسیۆنی گۆڕان ساڵێك بەر لە ئێستا پڕۆژەیەكی هەبووە، ئێمە چوار ڕۆژمان لەبەردەست ماوە بۆ ئەوەی كۆمسیۆن كارا بكەینەوە تا ١ی ١٠ هەڵبژاردن بكرێت، فراكسیۆنەكانی تر تا ئێستا هەمواری یاسایان وەك پڕۆژەیەك پێشكەش بە پەرلەمان نەكردووە''.



PM:08:54:27/03/2022