کۆمەڵی دادگەری: نه‌ریتی باره‌گا سوتاندن پارتی دایهێنا

وته‌بێژی فه‌رمی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان رایدەگەیەنێت" نەریتی بارەگا سوتاندن پارتی دایھێنا و خۆزگە لە کاتی پەلاماردانی بارەگاکانیش لە هەرێم هەڵوێست و کاردانەوەی وەک بارەگاکەی لە بەغداد بوایە". 

محه‌مه‌د حه‌كیم وتەبێژی فەرمی کۆمەڵی دادگەری کوردستان له‌ هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فه‌یسبوك پەیامێکی له‌سه‌ر سووتاندنی باره‌گای لقی پێنجی پارتی له‌ به‌غداد بڵاوكردەوە و ده‌ڵێت" دەرکەوت لە عیراقدا بە ھەرێمی كوردستانیشەوە، مەرجەعیەت لە سەروی ھەموو پیرۆزیەکانەوەیە، بەداخەوە رۆژانە لەم وڵاتە بێڕێزی بە خودا و پێغەمبەر و ھاوەڵانی دەکرێت و ھیچ ھەڵوێستێکی جەماوەری و فەرمی نابینرێ بەرانبەری".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو كاردانەوە توندەی بەرانبەر تویتەكەی كادرەكەی پارتی هاتە ئاراوە، بەشێكی پەیوەندی بەو رێككەوتنەی پارتیەوە هەیە لەگەڵ رەوتی سەدر و سوننەكان و هەر لەوێشەوە گرێدراوتەوە بە بۆچوونەكەی موقتەدا سەدر و باوباپیرانی كە پێی وایە (مەرجەعیەت دەبێت عیراقی بێت) پەرچەکردار و كاردانەوەی نەیارانی ھاوپەیمانێتی سێ قۆڵی، تەنها بە سوتاندنی بارەگایەكەوە بوەستێت ھەر باشە. 

محەمه‌د حه‌كیم ئه‌وه‌شی نووسیووە" ئه‌مەی روویدا دەرخەری کاریگەری سۆشیال میدیایە و ئەوەش دەسەلمێنێت کە تویت و پۆست و کۆمێنتی کادرێک چەند بە زەرەر بەسەر لایەنەکەیدا دەشکێتەوە".

وته‌بێژه‌كه‌ی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان ده‌ڵێت" وێرای ھەموو سەرنج و تێبینیەكان، رەوا نیە بارەگای پارتی بەرانبەر تویتی کادرێکی بسوتێنرێ و ئیدانەی ئەکەم، گەرچی نەریتی بارەگا سوتاندن پارتی دایھێنا و خۆزگە لە کاتی پەلاماردانی بارەگاکانیش لە هەرێمی کوردستان هەڵوێست و کاردانەوەی وەک بارەگاکەی لە بەغدا بوایە و تەقەی لە خۆپیشاندەران نەکردایە". 

ئەوەشی خستەڕوو، خۆبەریکردنی حزب لە کادرەكانی، لە کاتی ھەڵەو کەم وکورتی لەم جۆرەدا، خراپە و قێزەون و باوەرپێ نەکراوە، باشتر بوو کارەکەی سەرکۆنە بکرێت و لە قسەکانی خۆبەری بکرێت، نەك لە خودی كادرەكە و حاشا لێكردنی، كە بە ئاشكرا و لای هەمووان روون و رۆشن بوو كە نایف كوردستانی كادری پارتی دیموكراتی كوردستانە. 


PM:01:05:28/03/2022