"پارتی لە كاتێكی گونجاودا وەڵامێكی بەهێزی بۆ سوتاندی بارەگاكەی بەغدای دەبێت"


سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغدا رایدەگەیەنێت "پارتی دیموكراتی كوردستان لەكاتێكی گونجاودا وەڵامێكی بەهێزی دەبێت بۆ سوتانی بارەگاكەی لە بەغدا و رەخنەشمان لە هاوپەیمانەكانمان هەیە كە هەڵوێستی روونیان نەبووە لەو بارەیەوە".  

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغدا كە لەسەر پشكی پارتیییە، لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "بڕیاری روخاندنی بارەگای پارتی لەبەغدا هەڵوێستی لاوازی پارتی نییە، حزب لەكاتێكی گونجاودا وەڵامێكی بەهێزی دەبێت، ئێمە نیگەرانین لەوەی حكومەت نەیتوانیوە بارەگای پارتی بپارێزێت، هەروەها نیگەرانیشن لە هاوپەیمانەكانیان كە هەڵوێستی روونیان نەبووە و ئیدانەی رووداوەكەیان نەكردووە، لەكاتێكدا پارتی باجی ئەوەیداوە كە هاوپەیمانی لەگەڵیان بەستووە".
  
درەنگانی شەوی یەكشەممەی رابردوو بارەگای پارتی لەبەغدا سوتێنرا لە كاردانەوەی سوكایەتی بە مەرجەعیەت لەلایەن كادرێكی ئەو حزبەوە، ئەمڕۆش لەلایەن پارتییەوە بارەگاكە بە تەواوی روخێنرا.  



PM:08:55:29/03/2022