زانیاری نوێ سەبارەت بەو كەسانەی بە "نایاسایی" خانەنشین بوون


بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئەو كەسانەی بە پلەیەكی بەرزتر لە پلەی خۆیان خانەنشین بوون، پلەكانیان لێوەردەگیرێتەوە".

سەبارەت بە یەكلایكردنەوەی دۆسییەی خانەنشینانی پلەباڵا لە هەرێمی كوردستان، حازم ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە "لە یاسای چاكسازی، ماددەیەك هەیە كە باسی ئەوە دەكات هەر كەسێك پلەیەكی لە پلەی شایستەی خۆی بەرزتر وەرگرتبێت و پێی خانەنشین بووبێت، دەبێت لێی وەربگیرێتەوه".

ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەكردووە، هەر لەسەر بنەمای ئەو ماددەیە بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێم‌،‌ ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو نووسراوێكی كردووە و لیستێك ناویشیان لەگەڵ‌ هاوپێچ كردووه بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی پلەكانیان بگۆڕدرێت.

هەر بەپێی هەواڵەكە "بۆ نموونە یەكێك خۆی ڕاوێژكار بووە و بە پلەی بریكاری وەزیر خانەنشین كراوه،‌ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ پلەی ڕاستەقینەی خۆی كە ڕاوێژكار بووە".

حازم ئیسماعیل وتویەتی "لەبەرئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە ئەو پلەیان لێ وەربگرینەوه،‌ بۆیە ئێمە تەنها بە نووسراو داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەكەین بۆ گۆڕینی ناونیشان یان ڕاستكردنەوەی پلەكەیان بۆ پلەی شایستەی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكمان هەیە كاریان لەسەر ناوەكان كردووە و بە لیستێك ناوەكان ڕەوانەی ئەنجومەن دەكەین بۆ ڕاستكردنەوەی مووچەی خانەنشینان و گەڕانەوەیان بۆ پلەی ڕاستەقینەی خۆیان".

سەبارەت بەوانەی كەموكوڕی لە دۆسییەكانیان هەیە حازم ئیسماعیل وتویەتی "دەبێت ئەو كەسانە خۆیان بگونجێنن و هەركاتێك خزمەتی ڕاستەقینەی خۆیان گەڕاندەوە وەك خزمەتی (پێشمەرگایەتی یان دابڕان و ئاوارەیی) و تەمەنیشی لە ٤٥ ساڵ تێپەڕی بوو  و خزمەتیشی گەیشتە ١٥ ساڵ، ئەوكات دەتوانێت خانەنشین بێت".



PM:08:24:10/04/2022