لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی غاز ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک کۆدەبێتەوە

سبەی دووشەممە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك کۆدەبێتەوە، کێشەی کەمی غاز و بەرزبونەوەی نرخەکەی هۆکارن بۆ ئەنجام دانی کۆ بوونەوەکە.

ئیشخان مەلکۆ، ئەندامی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆک باسیلەوەکرد، کێشەی غاز لەسنوری پارێزگای دهۆک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پشکی دابینکراوی غاز بۆ دهۆک لەئاست خواستدا نیە، بۆیە لەئێستادا هەوڵەکانیان چڕکردوەتەوە بۆ ئەوەی پشکی دهۆک لە غاز زیاتر بکرێت.

وتیشی " ئەو غازەی دەگاتە دهۆک لەسنوری پارێزگای سلێمانییەوە بەشێوەیەکی رێکوپێک ناگات کە پشکی دهۆک  ١٤٠ تۆنی رۆژانەیە و لەرێگەی ٧ ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی غاز دەگوازرێنەوە، بەڵام خواستی بازار لە دهۆک لەم کاتەدا زیاتر لە ٢٠٠ تۆنە، بۆیە کەمبونەوەی غاز بوەتەهۆی گرانبونی نرخەکەی لەبازار".

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەفتەیەکە نرخی غازی ماڵان لەسنوری پارێزگای دهۆک بەرزبوەتەوە بەجۆرێک نرخەەکەی گەیشتووەتە ١٢ بۆ ٢٠ هەزار دینار.

 

 



PM:11:07:10/04/2022