"رەوشی ژیانی پێنج زیندانیكراوی شیلادزێ لە مەترسیدایە"


نوێنەری زیندانیانی بادینان رایدەگەیەنێت "بەھۆی بەردەوامبونیان لە مانگرتن لەپێناو ئازادی رەوشی زیندانیانی بادینان زۆر خراپە، لە لایەنەكان و دادگا بێھیوابونە و وەسیەتنامەی خۆیان بە خێزانەكانیان داوە، یەكێكیان لە ھۆش خۆی چوە".

ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان رایگەیاندووە "سەرباری ئەوەی پێشتر ھەموو لایەنی پەیوەندیدارمان ئاگاداركردوە كو دور لە ھەموو بنەما یاسایی و دیموكراسی و ئەخلاقیەكان ماوەی ساڵێك و چوار مانگە پێنج چالاكوانی شێلادزێ لەگەڵ چەندین زیندانی دیكەی بادینان لە ئاسایشی گشتی ھەولێر زیندانیكراون".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەداخەوە ئەمرۆ لە رێگای كەسوكاریانەوە ھەواڵی تێكچۆنی دۆخی تەندروستی ئەو پێنج زیندانیەی بادینانمان پێگەیشت كە خەلكی شێلادزێن، لەكاتی سەردانیان (كوڤان تارق رێكانی) لە ھۆش خۆی چوە و ھەندێكیان ماوەی ٣٦ رۆژە و چواریشیان ماوەی ١٩ رۆژە دەستیان بە مانگرتن كردوە لە خواردن و دۆخیان زۆر خراپە و داوای ئاشكرا كردنی چارەنووسیان دەكەن و وەسیەتنامەی خۆشیان بە كەسوكاریان داوە كە چاوەرێی مردن دەكەن".

هەروەها دەڵێت "زیندانیەكان لەلایەن ھێزە ئەمنیەكانەوە زۆر بە توندی ئەشكەنجدراون، ڤیدیۆ كراون، رێگەیان پێنادەن پارێزەری خۆیان ببینن كە بەپێی (اصول محاكمات جزائیە) بكوژێكیش مافی پارێزەری ھەیە، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا دۆسیەكەی بچێتە دادگا، لەكاتی لێكولینەوەدا گشت وتە و ئیفادەكانیان گۆڕدراون و پێیان ئیمزا كردون كە نەیانزانیوە چی نوسراوە".

ئەمەش ناوی زیندانییەكان..

مەحمود ناجی صدیق (چاڵاكڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
كوڤان گارق جبرائیل (چاڵاكڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
یوسف شەریف ئیبراهیم (چاڵاكڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
ئەمجەد یوسف موستەفا (چاڵاكڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠
نێچیرڤان بەدیع حاجی (چاڵاكڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠





PM:05:14:11/04/2022