تۆمەتبارێكی كوشتنی نەقیب محەمەد سەبارەت بە رووداوەكە ئەم قسەیەی كردووە


بەرپرسێكی ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت "هەر سێ تۆمەتباری رووداوی كوژرانی نەقیب شەهید محەمەد لەتیف لە ناوشاری سلێمانی دەستگیركراون و یەكێكیان وتویەتی لە پاراستنی گیانی خۆم ئەو كارەم كردووە". 

عەمید پشتیوان بەهادین، بەڕێوەبەری لێكۆڵینەوە لە ئاسایشی سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاندووە "لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو كە رووداوەكە روویدا، تۆمەتبارەكان لە سلێمانی رایان كردبوو و چووبوونە سەر سنوورەكان، ماوەیەكیش لەنێو شاخەكانی دەوروبەری سلێمانی خۆیان حەشاردابوو، هاوكات ویستبوویان بچنە، ئێران، لەوێوە بۆ توركیا و پاشان بڕۆن بۆ ئەوروپا".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "دوای ئەوەی دووان لە تۆمەتبارەكان چووبوونەوە نێو شاری سلێمانی، لە ئێوارەی رۆژی 4ی ئەم مانگە هێزە ئەمنییەكان یەكێكیان دەستگیر كردبوو، دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا شوێنی تۆمەتبارێكی دیكەی بۆ ئاشكراكردوون و بەرەبەیانی رۆژی 5ی ئەم مانگە  ئەو كەسەی دیكە دەستگیركران، ئەو دوو كەسە ویستبوویان لە ناوچەیەك لە سلێمانی نیشتەجێ ببن، هەندێك پارە بۆ دابینكردنی ژیانیان پەیدا بكەن و خۆیان حەشار بدەن". 
 
وەك بەرپرسەكەی ئاسایشی سلێمانی وتویەتی "رۆژی 11-4-2022ـیش، دوو تۆمەتبارەكە زانیارییان لەبارەی تۆمەتباری سێیەم داوەتە هێزە ئەمنییەكان كە هاوشێوەی دوو تۆمەتبارەكەی دیكە فەرمانی دەستگیركردنی هەبوو و هەڵاتبوو. پاشان لە ئۆپەراسیۆنێكدا لەنێو شاری سلێمانی دەستگیركرا". 

عەمید پشتیوان ئاماژەی بەوەكردووە "یەكێك لە تۆمەتبارەكان لەبارەی تەقەكردن لە تیمەكەی توندوتیژی دژی ژنان و كوشتنی نەقیب محەمەد گوتوویەتی "بۆ پاراستنی گیانی خۆم بووە"، دوو لەو تۆمەتبارانەش شێوەی خۆیان گۆڕیوە".

كۆتایی مانگی 12ی ساڵی رابردوو تیمێكی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی بەمەبەستی دەستگیركردنی تۆمەتبارێك، چوونە ناوی تانجەرۆی شاری سلێمانی، بەڵام لە كاتی گەیشتنیان، لەلایەن دوو كەسەوە تەقەیان لێكرا و نەقیب محەمەد لەتیف كوژرا و سێ پۆلیسیش برینداربوون.



PM:10:12:12/04/2022