سەرۆكی ئۆكرانیا: وڵاتانی ئەوروپا دوا وادەی خۆیان بۆ كڕینی نەوت و غازی روسیا رابگەیەنن


سەرۆكی ئۆكرانیا داوا دەكات، وڵاتانی ئەوروپی دوا وادەی خۆیان بۆ كڕینی نەوت و غازی روسیا رابگەیەنن، چونكە تا ئەو كاتەی بازرگانی لەگەڵ روسیا بكرێت و كۆمپانیا ئەوروپییەكان لە بازاڕەكانی روسیا بمێننەوە، پوتن شەڕ راناگرێت.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا لە وتارێكدا بۆ پەرلەمانی لیتوانیا رایگەیاند "شەڕی روسیا ئەوروپای خستە بەردەم پرسیارێكی ستراتیژی، كە ئایا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە یەكگرتوویی و پاراستنی بەهاكانیان لەناویاندا ماوە، یان ئەوروپا تەنیا وەك پێشانگەیەكی گەشتوگوزارییە و گەشتیاران سەردانی دەكەن؟".

زێلێنسكی ئاماژەی بەوەكرد "روسیا لۆژیكێكی هەیە كە پێیوایە هەمووان لە ئەوروپا پێویستیان بە بازرگانییە، پێویستیان بە نەوت و غازە، هەمووان پێویستییان بە بازاڕی روسیایە و خاكی روسیا بۆ گواستنەوەی كەلوپەكانیان بەكاربهێنن".

جەختیشیكردەوە، نابێت كۆمپانیاكان چاوەڕێ بكەن بزانن روسیا چ هەنگاوێكی دیكە دەنێت، دەبێت لەئێستاوە بڕیار بدەن و لە بازاڕەكانی روسیا بكشێنەوە، چونكە بەو شێوەی ئێستا هەیە، روسیا هەڵسوكەوتی خۆی ناگۆڕێت.



AM:12:01:13/04/2022