ئەمەریكا: لە كوردستان رۆژنامەنوسان و چالاكوانان بەهۆی ئازادی رادەربڕینەوە دەستبەسەركراون


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایدەگەیەنێت "لە هەرێمی كوردستان رۆژنامەنوسان و چالاكوانانیان بەهۆی ئازادی رادەربڕینەوە دەستبەسەركردوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راپۆرتێكی ساڵانەیدا دەربارەی رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان و لەنێویشیاندا كوردستان رایگەیاندووە "بارودۆخی مافەكانی مرۆڤ تەنها پەیوەستدار نییە بە یەكێك لە كایەكانی كۆمەڵگاوە، بەڵكو لە هەر جێگەیەك كە دەستی مرۆڤی پێگەیشتبێت و مرۆڤ بونی هەبێت، لەو شوێنە دەبێت كۆمەڵێك ماف هەبێت كە پارێزگاری لە پێگەی مرۆڤبونی بكات".

سەبارەت بە مافەكانی مرۆڤ لە زیندانەكاندا ئاماژەی بەوەكردوە، "لە تەواوی هەرێمی كوردستانی عێراق زیندانیان و مافەكانیان وەك مرۆڤێك روبەڕوی پێشێلكردن بونەتەوە، لە هەرێمی كوردستان شەش گرتوخانەی تایبەت بە تۆمەتباران هەیە، سیانیان تایبەت بە پیاوانە و سێی دیكەشیان تایبەت بە ژنان و تۆمەتبارانی پێش دادگایكردن، بەپێی كۆمسیۆنی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان (IHRCKR)، یەكێك لە گرتوخانەكانی هاوشێوەی چاكسازی گەورەی هەولێر كە بۆ 900 (نۆسەد) بەندكراو دروستكراوە، هەزار و 875 بەندكراوی تێدایە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بەشێك لە گرتوخانەكان بەهۆی كێشەی باڵەخانە، زۆری ژمارەی بەندكراوان، لێچونی ئاو، نەبونی مەرجی دروستی، كەمی خزمەتگوزاری تەندروستییەوە دەناڵێنن، زۆری ژمارەی بەندكراوان یەكێكی دیكە بوە لە هۆكارەكانی بڵاوبونەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا و مردنی چەندین كەس لە زیندانەكاندا كە ئەمانەش مافەكانی مرۆڤ دەخەنە ژێر پرسیارەوە".

لەبارەی چۆنیەتی دەستگیركردنی گومانلێكراوان لە راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتوە، "ژمارەیەك راپۆرت و سكاڵای زۆر لەسەر هێزەكانی سەر بە حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق تۆماركراون، بریتیبون لە گرتنی بێ پاساو و دەستبەسەركردنی بێ ئاگاداركرنەوە و بەشێوەیەكی توندوتیژی، سەرجەم ئەو پێشێلكاریانەش لەلایەن هێزەكانی سەر بەحكومەت لە هاوشێوەی ئاسایش، هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق و هەرێم، هێزەكانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجامدراون، هیچ بەڵگەیەكی پێویست لەسەر ژمارەی ئەو تۆمەتانە و ماوەی ئەو كردەوانە بونیان نییە و زۆربەی كات حكومەت و هێزەكانی شكستیان هێناوە لەوەی خێزانی گومانلێكراوان ئاگاداربكەنەوە كە ئەو كەسانەیان دەستگیركردوە یاخود لەو جێگایە دەستگیركراون و ئێستا لەلای هێزەكانیانە".

وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە "رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە هەرێم و عێراق بۆ چەندینجار راپۆرتیان لەو بارەیەوە بڵاوكردوەتەوە كە هێزەكانی سەر بە حكومەت زۆربەی كات گومانلێكراوانیان بەبێ پاساو دەستبەسەر كردوە و بەهیچ شێوەیەك خێزانەكانیان لە دەستبەسەركردنی رۆڵەكانیان وەك گومانلێكراوێك ئاگادارنەكردوەتەوە، هەروەها بە پاساوی بە ئەندامبونیان لە ریزەكانی گروپە تیرۆریستییەكان دەستبەسەركراون، راپۆرتی زۆر لەبارەی دەستبەسەركردنی بێ پاساو لەلایەن هێزەكانی لیوای 30 و 50ی  سەر بە حەشدی شەعبی بڵاوكراونەتەوە و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراون، كە تێیدا باس لە دەستگیركردن و رفاندنی كورد، مەسیحی، توركمان و كەمە نەتەوەكانی دیكە دەكات بەبێ بونی هیچ پاسا و بەڵگەیەك، لەلایەكی دیكەشەوە راپۆرتی تایبەت بونی هەیە لەسەر ئەوەی لیوای 30 سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبی گرتوخانەی نهێنیان لە نەینەوا هەیە و لەوێوە بە تاوانی بێ بنەما و ئازادی رادەربڕین پێشێلی مافەكانی مرۆڤ دەكەن".

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا، حكومەتی هەرێم تۆمەتباركراوە بەوەی  رۆژنامەنوسان و چالاكوانانیان بەهۆی ئازادی رادەربڕینەوە دەستبەسەركردوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتویەتی "رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستانی عێراق، بۆ چەندینجار راپۆرتیان لەبارەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤەوە داوە و تێیدا حكومەتی هەرێم بەوە تۆمەتباركردوە كە رۆژنامەنوسان و چالاكوانانیان بەهۆی ئازادی رادەربڕینەوە دەستبەسەركردوە و نوێترین دەستگیركردنیش بریتی بوە لە دەستگیركراوانی بادینان لە ساڵی 2020، كە بەهۆی پراكتیزەكردنی مافی ئازادی رادەربڕینەوە دەستبەسەر كران و رێگریان لێكرا پەیوەندی بە خانەوادە و پارێزەرەكانیشیانەوە بكەن، بەهیچ شێوەیەك خێزانەكانیان لە دەستبەسەركردنیان ئاگادارنەكرانەوە و بەشێكی زۆریان بەبێ ئەوەی ببرێنە بەردەم دادگا بە دەستبەسەركراوی لە زیندانەكاندا هێڵدراونەتەوە".



PM:09:27:13/04/2022