cpt نەخشەی ئۆپراسیۆنی جنگی قوفڵی تورکیا بڵاودەکاتەوە

تیمی كوردستانی عێراقی CPT، نەخشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی چنگی-قفڵ'ی توركیا و دواین گۆڕانكاریەكانی ئۆپەراسیۆنەكە بڵاودەكاتەوە.

 

🔴 ھێزی سەربازی توركیا، لە چیا و ناوچە سەختەكانی زاپ، ئاڤاشین، مەتینا و كوڕەژارۆ، سەربازەكانی لە ھەلیكۆپتەرەوە بە پەرەشوت ھێناوەتە خوارەوە بەناوچەكەدا بڵاویكردوونەتەوە.

 

🔴 سوپای توركیا بە قوڵایی ١٩ كیلۆمەتر، لە سنوری توركیاوە بەرەو سنوری شیلادزێ ھاتۆتە ناوەوە و لە ھەوڵدایە بۆ دروستكردنی ٥ بارەگای سەربازی لە چیای ڕەش، ئەشكەفتا برینداران، ئارس فارس، وەرخەلێ و كورەژارۆ

 

🔴 ھەر لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی چنگی-قفڵ'ەوە لە ١٧ی نیساندا، ھێزی ئاسمانی توركیا بە چڕی بۆردوومانی ناوچەكانی ئاڤاشین، باسیا، زاپ، كوڕەژارۆ، مەتینا و گوندەكانی دەڤەری بەرواری باڵا دەكات.

 

🔴 بە یارمەتی ھەلیكۆپتەر و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، ھێزی وشكانی توركیا توانیویەتی بەشێك لە چیای كوڕەژارۆ و ناوچەی زاپ داگیربكات، بەڵام شەڕ و پێكدادان لەو ناوچانەدا بەردەوامە.

 

🔴 ھەرچەندە تائێستا ھیچ زیانێكی گیانی بۆسەر ھاوڵاتیانی مەدەنی تۆمارنەكراوە، بەڵام ھەلیكۆپتەر و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا بەبەردەوامی بەسەر ناوچە مەدەنی نیشینەكانی دەڤەری ئامێدیدا دەسوڕێنەوە.

 

🔴 ئۆپەراسیۆنی چنگی-قفڵ بۆتە ھۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لەناو ھاوڵاتیانی مەدەنی ناوچەی ئامێدی'دا. لەپاڵ ئەوەشدا لەترسی بە ئامانجگرتن و بۆردوومانكردنیان، گوندنشینان ناتوانن بچن بۆ چیاكانی ئەو ناوچەیە بۆ كۆكردنەوەی گیا بەھارییەكان كە ئەم كارە یەكێكە لە سەرچاوەكانی بژێوی ژیانی گوندنشینان. لەھەمانكاتیشدا، بارودۆخی ناوچەكە كاریگەری كردۆتە سەر كەرتی گەشتیاری.

 

تیمی كوردستانی عێراقیCPT، بەردەوام دەبێت لە، لە نزیكەوە چاودێریكردنی كاریگەری ئۆپەراسیۆنی چنگی-قفڵ   بۆسەر ھاوڵاتیانی مەدەنی و داكۆكی دەكات لە گوندنشینان، جوتیاران و ئەو ھاوڵاتییە مەدەنیانەی كە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا كاریگەری كردۆتە سەر ژیانیان.



PM:04:01:20/04/2022