ئاسایشی هەولێر راگەیەندراوێکی لەبارەی کوشتنی ژنێک بڵاوکردەوە و دەڵێت" هاوسەرەکەی بە تۆمەتی کوشتنی دەستگیرکراوە".
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەولێر لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تاوانی کوشتنی ئافرەتێک بە ناوی (کوێستان پیرۆت خدر) لە گەڕەکی کوردستان-ی شاری هەولێر ڕویدا".
ئەوەشی خستەڕوو، تیمەکانی لێکۆلینەوەی بەڕێوەبەرایەتیمان و بنکەی ئاسایشی گەڕەک گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان کرد بە لێکۆلینەوە و دەرکەوت لەلایەن هاوسەرەکەی بە ناوی ( أ. ش . ع.) لەسەر کێشەی خێزانیی بە چەقۆ کوژراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" دوای کەمتر لە دوو کاتژمێر تونرا بکوژەکە دەستگیر بکرێت و لەسەر فەرمانی داوەری لێکۆلینەوە بە ماددەی (٤٠٦) لەلامان بەندکراوە و لە ڕێگەی دادگا ڕووبەڕوی یاسا دەکرێتەوە".