پیرۆزبایی " سپی " لە یادی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردیدا


لە ٢٢ ی نیسانی هەموو ساڵێکدا رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران یادی دەرچوونی رۆژنامەی ( کوردستان )، وەک یەکەم رۆژنامەی کوردی دەکەنەوە و، رێز لە بنەماڵەی بەدرخانییەکان دەگرن کە لە زەمەنێکی دواکەوتووی ژیانی سیاسی و ئابوریدا بیریان لە پرسێکی گرنگی نەتەوەیی و رۆشنبیری کردۆتەوەو یەکەم رۆژنامەی کوردیان دەرکردووە.

ئەمڕۆ لە ١٢٤ ساڵەی یادی ئەو رۆژە گرنگەدا لە باشوری کوردستان وەک پارچەیەکی ئەم نیشتمانە کە قەڵەمڕەوی  حکومڕانی کوردی تیایدا باڵادەستە، سەرباری ئەوەی ماوەی ٣١ ساڵە چەوسانەوەی نەتەوایەتی تیادا نەماوە، بەڵام دۆخی رۆشنبیری و دنیای رۆژنامەنووسی لە سایەی ئەم حوکمڕانییە خۆماڵیەدا لە خراپترین حاڵەتیدایە.

لە ژینگەی رۆژنامەوانیی ئێستای کوردستاندا نە زەمینەی گونجاو هەیە بۆ گەشەکردنی میدیا گەلێکی هاوچەرخی ئازاد، نە مافی رۆژنامەنووسیش وەک پیشەیەکی گرنگی هاوچەرخ پارێزراوە، هەر بۆیە دەور و رۆڵی ئەم ئۆرگانە گەورەیەی ژیانی کۆمەڵگای کوردی بۆتە بەشێک لە پاشکۆی دەسەڵاتی سیاسی و لە قاڵبدراوەو چەندان تابۆ و هێلی سوری بەدەوردا کێشراوە.

لە رۆژی ئەمڕۆ گەر دەسەڵاتی کوردی و رۆژنامەنوسان نێوەندی رۆشنبیری بیانەوێت دۆخی رۆژنامەنووسی بخەنە سەر شا رێگای راستەقینەی خۆی، دەبێت کۆمەڵگای ئێمە داکۆکی لە جێبەجێکردنی هەردوو یاسایی ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ رۆژنامەنووسی کوردی و، یاسای  ١١ی ساڵی ٢٠١٣ (مافی دەستکەوتنی زانیاریی) بکات و، هەرگیز بیر لە دەرکردنی یاسای نوێ، یان هەموارکردنەوەیان نەکات کە لە ناوەرۆکی ئەم دوو یاسایە کەمبکەنەوە. هەروەها هیچ جۆرە یاسایەک دەرنەکرێت کە سنور بۆ ئازادی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابنێت کە ئەمڕۆ بۆتە بەشێکی ئۆرگانی لە ژیانی هەموو کۆمەڵگایەکی هاوچەرخدا.

لە کوردستاندا هەنگاونان بە ئاراستەی چاکسازی لە ژینگەی کاری رۆژنامەگەریدا لەوەوە دەسپێدەکات کە هیچ رۆژنامەنووس و رۆشنبیرێک لەسەر ئازادی کاری رۆژنامەنووسی و ئازادی بیروڕا دەستگیر نەکرێت.

هەر هەنگاونانێکی تری جدی لە بواری کاری رۆژنامەگەری لە کوردستاندا، بەبێ هەڵدانەوەی دۆسیەی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسانی قەڵەم نانرێت و، ئاشکراکردنی بکوژان و دادگایی کردنیان لە دادگایەکی سەربەخۆی دادوەرانەدا دەبێت ببێتە سەرەتای کاری هەر دەسەڵاتێک گەر بیەوێت خەمی رۆژنامەنووسی هەبێت.

لەم بۆنەیەدا بەناوی دەزگای " سپی " ەوە توند دەستی هاوپیشەکانمان دەگووشین بەتایبەتی ئەوانەی لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هەواڵ و زانیاری سەربەخۆ بگەیەنن بە هاوڵاتیان و نەکەوتوونەتە ژێر هەژموونی سیاسەتی دەسەڵاتی کوردیەوە و بەدوای وشەی ئازاد دەگەرێن، نەک بەرژوەندیە تایبەتییەکانیان لەسەر حسابی کاری رۆژنامەوانی.

دەزگای راگەیاندنی " سپی"  



AM:09:46:22/04/2022