"ئێران مزگەوتی پێغەمبەرەكان لە عێراق دەتەقێنێتەوە"
چەكدارانی ھۆزەكانی عێراق حكومەتی ئێران بە تەقاندنەوەی مزگەوتی پێغەمبەرەكانی یونس، شیت، جەرجیس لە موسڵ تۆمەتبار دەكەن و رایدەگەیەنین ئەوانەی ئەو مزگەوتانەیان تەقاندووەتەوە عێراقی نیین و دەیانەوێ شەڕی سوننەكان خۆبەخۆ سەرھەڵبدا.
بەپێی هەواڵێكی ئەنادۆڵ، ئەبو عەبد نعێمی وتەبێژی فەرمی بەناوی "شۆڕشگێڕانی ھۆزەكان"ی عێراق بێبەری بوونی چەكدارانی ھۆزەكانی لە تەقاندنەوەی مەزارگە و مزگەوت و كڵێساكان لە موسڵ ئاشكرا كرد و وتی "ئێمە بێ بەریین لەو كردەوانە، ئەو كارانە دژی ئیسلام و ئاینەكانن، دژی پێكەوەژیانن و شەڕی تایفیی دروست دەكەن".
نعێمی، كۆماری ئیسلامی ئێران و میلیشیاكانی و هەروەها حكومەتی عێراقی بە تەقاندنەوەی مزگەوتی پێغەمبەر یونس و پێغەمبەر شیت و پێغەمبەر جەرجیس و كڵێسای سەفینە لە موسڵ تۆمەتبار كرد كە دوێنی تەقێنرانەوە و خەلافەتی ئیسلامی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بەرپرسیارێتیی تەقاندنەوەكانییانی گرتە ئەستۆ.
نعێمی لەوبارەیەوە وتی "ئەوانەی مزگەوتی پێغەمبەر یونس و شیت و كڵێسای سەفینەیان تەقاندەوە عێراقیی نین، بەڵكو ئێرانین و بە فەرمانی ئێران ئەو كارەیان كرد، چونكە ئێران دەیەوێ شەڕی سوننە و سوننە دەست پێبكا بۆ ئەوەی سەرقاڵمان بكات و بەرەو بەغدا پێشڕەوی نەكەین و حكومەتە بەكرێگیراوەكەی مالیكی نەڕوخێنین".
PM:02:39:26/07/2014