بۆ رێگریكردن و خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوكانی ئاو ژمارەیەك رێكار بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكە دەگرێتەبەر.
بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی کوردستان، کە واژۆی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەچاوەکانی ئاوی لەسەرە تێیدا هاتووە" لەپێناو رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون پێویستە سەربڕین لە سەربڕخانە فەرمییەكان بێت و بەپشكنین و مۆری فەرمی ڤێتێرنەری بچێتە بازاڕ و سەربڕین لە سەر رێگەكان و لاكۆڵانەكان قەدەغە بكرێت".
ڕێکارەکان بریتین لە :
١- پشكنینی ئاژەڵەكان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بەمەبەستی دڵینابوون لە تەندروستی ئاژەڵەكە ئەنجام بدرێت
٢- پێویستە سەربڕین لە سەربڕخانە فەرمییەكان بێت و بەپشكنین و مۆری فەرمی ڤێتێرنەری بچێتە بازاڕ و سەربڕین لە سەر رێگەكان و لاكۆڵانەكان قەدەغە بكرێت.
٣- پێویستە رێككارە تەندروستییەكان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و كەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەكاندا رەچاوبكرێت.
٤- كەرەنتیەنەكانی ئاژەڵی لە مەرز و فڕۆكەخانەكاندا پێویستە پشكنینی وورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بكەن كە دێنە ناو ھەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستی ئاژەڵەكان.
٥- وەزارەتمان رێككاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ مەبەستی دابینكردنی دەرمانی شووشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەكی (قڕنە) كە ھۆكاری سەرەكی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی تای خوێن بەربوونە، لە نێوان ئاژەڵەكان و ئەم ھەڵمەتە لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.
٦- كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەی ھێنانی ئاژەڵ بەشێوەی نافەرمی لە سنوورەكانی دەرەوە و نێوان ھەرێم و عیراقی فیدراڵ، ھەروەھا رێگەگرتن لە ھێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی كە نەخۆشی تای خوێن بەربوونی تێدا بڵاوبوەتەوە.