خەزعەلی: چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستپێشخەری رادەگەیەنێت


قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق رایدەگەیەنێت "لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستپێشخەرییەكەی دەنێرێت بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان". 
 
ئەمڕۆ قەیس خەزعەلی، لە میانەی وتاری رۆژی جەژن رایگەیاند "چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستپێشخەریی پێشكەشكردووە و لە رۆژانی جەژندا دەینێرێت بۆ لایەنە سیاسییەكان. ئامادەیە كاری زیاتر بكات بۆ پێكهێنانی حكومەت".
 
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "ئەگەر سەرجەم لایەنەكان لەسەر بۆچوونی خۆیان بمێننەوە، واتای ئەوەیە چارەسەرێك بۆ ئەو قەیرانە نابێت كە ئێستا لە عێراق هەیە." 
 
قەیس خەزعەلی جەختیكردەوە، هەر چارەسەرێك بۆ دۆخی ئێستای سیاسی عێراق بەبێ چارەسەركردنی دەستوور لەوانە گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی، چارەسەرێكی لاوەكی دەبێت و وتی "دەستوور لە دۆخ و سەردەمێكدا نووسراوە و ئێستا دەستەوەستانە لە چارەسەركردنی كێشەكانی وڵات." 



PM:02:42:03/05/2022