ژورێكی ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران پێكدەهێنرێت


بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ژورێكی ئۆپەراسیۆنیان پێكهێناوە بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی لەلایەن دادگاكانی هەرێمی كوردستانەوە داواكراون، كە ژمارەیان پێنج هەزار و 920 كەسە.

لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە "ژورێكی ئۆپەراسیۆن لەسەر فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە، كە من بەرپرسی ژوری ئۆپەراسیۆنەكەم بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی لە لایەن داداگانی هەرێمەوە داواكراون، ژورەكە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیەكانی تێدایە و تا ئێستا سێ كۆبونەوەمان ئەنجامداوە، لە هەمو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانیش ژوری لاوەكی پێكهێنراوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ماوەی چوار مانگە دەستبەكاربووین و نزیكەی 470 تاوانبارمان دەستگیركردوە لە ڕێگەی ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانەوە".

بەپێی نوسراوێكی پۆلیسی هەرێمی كوردستان، تا ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵ، ژمارەی ئەو كەسانەی لەلایەن دادگاكانەوە داواكراوە گەیشتوەتە پێنج هەزار و 920 كەس.

لیوا تارق وتیشی، "ئەوانەی داواكراون جۆرەها تۆمەتباریان تێدایە، هەیانە كێشەی خێزانی هەیە، یاخود موبایلی دزیوە تا تۆمەتباری تاوانباری گەورە، بۆیە ژمارەكە زۆرە".



PM:04:23:03/05/2022