هۆکاری دابەشنەکردنی بەنزینی عێراقی لە سلێمانی ڕوون دەکرێتەوە

لە ڕۆژی ٣٠ مانگی نیسانەوە لە سلێمانی بەنزینی ٦٩٠ دیناری عێراقی دابەشنەکراوە، پەرلەمانتارێکیش ئاشکرای دەکات کێشە لەو پڕۆسەیەدا هەیە کە بەنزین بۆ سلێمانی نەیەت و بۆ هەولێر و دهۆک دەچێت.

ئەندامی لیژنەی وزە و سامانەسروشتییەکان شێرکۆ جەودەت، باسی لەوەکرد،  پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هۆکاری نەبوونی بەنزینی ٦٩٠ دیناری عێراقی لە سلێمانی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گەڕاندەوە.

بەنزینی عێراقی ٦٩٠ دیناری لە هەولێر و دهۆک دابەشدەکرێت، بەڵام ماوەی زیاتر لە ٨ ڕۆژە لەو بەنزینخانانەی کە دیاریکراون لەسلێمانی بەنزینەکە دابەشبکەن دابەش ناکرێت و نییە، ئەو پەرلەمانتارە هۆکارەکەی بۆ کێشە لە کڕین و ئیدارەدانی دابەشکردنی بەنزینە لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان گەڕاندەوە، هەروەها ئەوان وەک پەرلەمانتار چەندین ڕێگاچارەیان پێشنیار کردووە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی ناتواندرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن.

هەروەها ناوبراو باسی لەوەشکرد، کاریگەری دوو ئیدارەیی لەسەر نرخ و دابەشکردنی بەنزین کە جیاوازی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە دەڵێت "خەلەلی دابەشکردن و گەیاندنی بەنزینەکەیە، بە ڕەسمی دوو ئیدارەیی نییە، بەڵام بە واقع دوو ئیدارەیی هەیە".



PM:04:00:07/05/2022