وێنە.. بێریڤان ئەیوب چالاکوانی بادینان ئازاد کرا

ئەمڕۆ بێریڤان ئەیوب ژنە چالاكوانی  بادینان دوای ساڵێک و شەشە مانگ بڕیاری ئازاد کردنی بۆ دەرچوو، بێریڤان خاوەنی پێنچ منداڵە ساڵێك و شەش مانگ زیندانی کرا.

 

ئەمڕۆ ١٠ی ئایار، سێشەممە، بەشدار حەسەن، کە یەكێكە لە تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان ڕایگەیاند،" ئەمڕۆ نوسراوی ئازادكردنی بێریڤان گەڕێنرایەوە بۆ چاكسازی ژنان و لەوێشەوە بۆ ئاسایشی گشتی بەمەبستی تەواوكردنی هەندێ رێكاری رۆتینیەكان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەو چالاكوانە ئازادكرا" .

 

پێشتر بەشدار حەسەن، ڕاگەیاندبوو، بێریڤان ئەیوب بەپێی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ تایبەتە بە هەمواركردنەوە و لە كارخستنی چەند مادەیەكی یاسای ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ یاسای سزاكانی عیراق دوای دەستگیركردنی بەپێی ماددەیەك لەیاساكە سزادراوە كە تێیدا هاتووە "هەر كەسێك بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك لە كارێك تێوەبگلێت، بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتاهەتایی یان كاتی سزا دەدرێت”.

 

باسی ئەوەشیکرد،  دادگای دووی تاوانی هەولێر، لەسەر ئەو ماددەیەی كە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە بۆی نێردرابوو ناوبراوی بە دوو ساڵ بەندكردن سزادا بەڵام بڕیارەكە ئازادكردنی مەرجدار دەیگرێتەوە واتە هەر ساڵێك ۳ مانگ كەم دەكرێتەوە واتە دوای زیاتر لە ساڵێك و شەش ‌مانگ زیندانیكردن ئازاد دەكرێت، بڕیارەكەش لە ڕۆژی ٦ی مانگی ئاداری ئەمساڵ لە دادگای ھەولێر دەرچووە.

 



PM:03:47:10/05/2022