"سەرۆكی حكومەت و تیمەكەی ململانێ سیاسیەكان و سزادانی سلێمانیان گواستەوە بۆ شەڕی مایكەكان"

مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەخنەی توند لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و تیمی راگەیاندنی دەگرێت و دەڵێت "سەرۆكی حكومەت و تیمەكەی ململانێ سیاسیەكان و سزادانی سلێمانیان گواستەوە بۆ شەڕی مایكەكان". 

مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "ئەمڕۆ سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی بەست، بەڵام نوسینگەی راگەیاندن و تیمەكەی سەرۆكی حكومەت ململانێ سیاسیەكان و سزادانی سلێمانیان گواستەوە بۆ شەڕی مایكەكان و كەناڵەكانی  كوردسات،  گەلی كوردستان و راگەیاندنەكانی تری یەكێتی، هەروەك ئەو كەناڵانەشیان بایكۆت كرد كە پەخشی سەرەكیان لە سنووری سلێمانییە".

مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە "ئەو رەفتارە جگە لەوەی پێچەوانەی نەریتی دروستی نیشتمانیی حكومڕانی و بەرێوەبردنە، هاوكات پێچەوانەی یاسای كاری رۆژنامەنووسیشە كە ئاستەنگی لەبەردەم كاری رووماڵ و مافی بەدەستهێنانی زانیاری ڕەتدەكاتەوە دروست پێشینەیەكی خراپیشە بە ئاراستەی بەرتەسككردنەوەی زیاتری ئازادی كاری راگەیاندن".

هەروەها وتویانە "هیوادارین چالاكییە میدیاییەكان و بەڕێوەبردنی كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكانیش بە دەردی حكومرانی  نەچێ و فەرھەنگی ناپەسەندی سزادانی سلێمانی نەگوازنەوە بۆ ناو میدیاش".



PM:10:25:11/05/2022