پۆلیسی هەولێر: تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە بووەهۆی خۆكوشتنی كچێك


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت "تۆمەتبارێك كە بەردەوام هەڕەشەی لە ژنان و كچان كردوە بەهەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ئیدارەی راپەڕین دەستگیركراوە، هەر ئەو كەسەش بوەتە هۆكار بۆ ئەوەی كچە خوێندكارێك لەسەر باڵەخانەیەكەوە لەهەولێر خۆی هەڵبداتە خوارەوە و كۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت".

موقەدەم هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دوای ئەوەی كچە خوێندكارێكی تەمەن 20 ساڵ بە ناوی ئاریان محەمەد خەلیل لە ھەولێر بێسەروشوێن بوو، دواتر خۆی لە باڵەخانەیەك خستە خوارەوە و كۆتایی بەژیانی هێنا".

ناوبراو وتیشی "دوای ئەوەی زانیاریمان لەباوكی وەرگرت و پرسیارمان لێی كرد كەس هەبوە ببێتە پاڵنەرێك بۆ ئەوەی ئەو روداوە ببێت؟، لە شوێنی خوێندنەكەشی زانیاریمان لە هاوپۆلەكانی وەرگرت وەرگرت و بەدواداچونی چڕمان كرد، دواتر دەركەوت كەسێك هەبوە بەردەوام هەڕەشەی لێكردوە، دواتر لەڕێگەی ئەكاونتێكی فەیسبوكێكەوە زانیمان ئەو كەسە كێیە كە هەڕەشەی لێكردوە، شوێنەكەیمان دەستنیشانكرد".

موقەدەم هۆگر ئاماژەی بەوەكردووە "توانیمان ئەو تۆمەتبارە لە رانیە دەستگیر بكەین، لەكاتی لێكۆڵینەوەشدا دانی بەوەداناوە كە بەردەوام هەڕەشەی لەو كچە كردوە و بوەتە هۆكار بۆ ئەوەی ئەو كچە خۆی بكوژێت، هەروەها لەگەڵ دانپێدانەكەی و دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەكەی، دەركەوت چەندین ئافرەتی دیكە لەژێر هەڕەشەی ئەو تۆمەتبارەدا بون".



PM:12:41:13/05/2022