بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان دووبارە فەرمانبەران
و مامۆستایانی زانکۆ دەستیان بەخۆپیشاندان کردەوە، ٤٥ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر وادەی
ئاسایی کاتی دابەشكردنی مووچە، بەڵام وەک خۆیان باسی دەکەن هێشتا مووچەی مانگی
ئازار (٣) وەرنەگرتووە .
بەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٤ی ئایار، خۆپیشاندان و بایكۆتی
مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی لە هەردوو كامپی كۆن و نوێی زانكۆ دەستی
پێكردەوە بۆ داواكردنی مووچە ، كە مافی ئاسایی و یاسایی فەرمانبەرانە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دواین كات كە مووچە دراوە بە
مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بە خوێندنی باڵا لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە لە
مانگی ٣ بوو، كە مووچەی مانگی ٢ یان لەمانگی ٣ وەرگرت،لە ئێستاشدا خشتەی دابەشكردنی
مووچەی مانگی نیسان (4) ڕاگەیەنراوە سەرەڕای دواخستنی مووچەی ئەو مانگەش بۆ مانگی
ئایار (5).