پلاسخارت: دەبێت زۆنی سەوز و زەرد كۆتایی پێبێت


جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، رایدەگەیەنێت "دەبێت گۆڕەپانی سیاسی كوردستان بۆ هەموو لایەنەكان كراوە بێت و دابەشبونی ناوچەی سەوز و زەردیش كۆتایی پێبهێنرێت."

جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە وتارێكدا لە شاری نیویۆرك لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند "لە ماوەی حەوت مانگی رابردودا سەرەڕای چەندین كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق و دیاریكردنی چەندین وادە بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام دوای حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تائێستا حكومەتی نوێ پێكنەهێنراوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "ئەوەی لەئێستادا لە عێراق رودەدات دەبێتەهۆی بەردەوامی چەقبەستویی سیاسی، بۆیە پێویستە سیاسەتمەدارانی عێراق چارەسەرێكی گونجاو بۆ دۆخەكە بدۆزنەوە و لەرێگەی پێكهێنانی حكومەتەوە، خزمەتگوزاری گونجاو بە هەموو هاوڵاتیانی عێراق بگات، هەروەها پێویستە كاربكەن بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەتایبەت كە لەئێستادا رێگەیەك لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ دەرچون لە دۆخەكە و چارەسەری كێشەكانی نێوانیان هەیە".

کەناڵی سپی میدیا لە تێلیگرام جۆین بکە..

پوختەی وتەکەی پلاسخارت لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ عێراق..

چەند خاڵێکی دیکەی تایبەت هەن و لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرەوە دەستپێدەکەم. ئەو شێوازی دانوستاندنەی کە هەیە و لەسەر بابەتێکی تایبەتی دەوەستێت هەر بەردەوامە، لەبری ئەوەی ئەوە بەدەستبهێندرێت کە زۆر پێویستە، ئەویش بریتییە لە هەبوونی میکانیزمی دامەزراوەیی بۆ هەبوونی چارەسەرێکی گشتگیر و ماوەدرێژ بۆهەموو پرسە جێناکۆکەکان. 
 
روونە کە ئەو میکانیزمە زۆر پێویستە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەدەستنەهاتووە؛ ئەوە لە کاتێکدایە کە رکابەرایەتیی نێوخۆیی لە هەردوولا هەیە و ئەوەش جێگەی نیگەرانییە. 
 
هەروەک چۆن جاری رابردوو ئاماژەم پێکرد: رۆحیەتی هاوبەشی و هاوئاهەنگی دەتوانێت رێنوێنیکەری هەموو ئەوانە بێت پەیوەندیدارن بەم بابەتەوە و دەبێت بەو جۆرەش بێت، لەوانەش ئەوەی کە پەیوەندی بە بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگەی فیدراڵییەوە هەیە تایبەت بە یاسای نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستان. من لەگەڵ هەردوولا لە پەیوەندیدام و باوەڕم وایە کە رێگەیەک بۆ دەرچوون لە دۆخەکە هەیە. 
 
شتێک هەیە کە نکۆڵی لێناکرێت: رووداوەکانی رابردوو بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی متمانە لەنێوان هەردوولادا. هەربۆیە، دروستبوونی متمانە زۆر پێویستە، لەوانەش لە رێگەی ئاماژەدان بەوەی کە لە داهاتوودا پەنا بۆ هیچ کارێکی تاکلایەنە نابردرێت کە فاکتەری سیاسی لەپشتەوەی بێت. 
 
جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش. با قسە لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان بکەم. ساڵی رابردوو لە مانگی ئایاردا لە ئیڤێنتێکی زانکۆی کوردستان ئامادە بووم؛ ئیڤێنتێک بوو کە تێیدا سەرکردە و نوێنەری تەواوی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون. 
 
لە وتەکەمدا ئاماژەم بە زیانی جیاوازی و کێشەی نێوخۆیی سیاسی و نەبوونی یەکدەنگی کرد. جەختم لەوە کردەوە کە یەکگرتوویی زۆر گرنگە. لەبارەی ئەوە قسەم کرد کە پێویستە دابەشبوونی ناوچەی سەوز و زەرد کۆتاییبێت؛ لەبارەی بەرپرسیارێتی سەرکردەکان بۆ یەکخستنی بەرژەوەندیی پێچەوانەکان و جەختکردنەوە لە چارەسەرەکان کردەوە بە جۆرێک کە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی هەموو ئەو خەڵکە بکات لە هەرێمی کوردستان دەژین ئیدی ئەگەر هەولێر بن یان دهۆک یان سلێمانی. 
 
یەک ساڵ دوای ئەوە، وا دیارە ئەو ئیڤێنتە کە جێگەی ئومێد بوو، هیچ ئەنجامێکی نەبووە. بە پێچەوانەوە، جیاوازییەکان قووڵ بوونەتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان هەبووە. 
  






PM:11:02:17/05/2022