عەسائیب دژی ناوبژیوانی نەتەوەیەكگرتووەكانە بۆ كێشەی هەولێر و بەغدا


عەسائیبی ئەهلی حەق هۆشداری دەدات لە دەستوەردانی نەتەوەیەكگرتووەكان لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دەڵێت، ئەو كارە بە مانای لەدەستدانی یەكڕیزی و سەربەخۆیی دەوڵەتی عێراق دێت.   

مەحمود ڕوبێعی، وتەبێژی مەكتەب سیاسیی عەسایبی ئەهلی حەق لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، "دەستێوەردانی ئەنجومەنی ئاسایش لە كێشەكانی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشینەیەكی مەترسیدارە و پێشێلكردنی هەموو یاساكانە."   

 ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ناردنی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانوستان لە نێوان بەغدا و هەولێر بە واتای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی دێت، لەكاتێكدا ئەو تەنها لەنێوان دوو وڵاتی سەربەخۆدا دەبێت ڕووبدات، نەك لەنێوخۆی وڵاتێكدا."   

هەروەها وتویەتی "ئەو كارە بە واتای بە نێودەوڵەتیكردنی ناكۆكییەكان و كردنەوەی دەرگای دەستێوەردان بۆ وڵاتانی دیكە و لەدەستدانی یەكڕیزی و سەربەخۆیی دەوڵەتی عێراق دێت." 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم پیشنیاری بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە کە نوێنەرێک دابنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
 
لەماوەی رابردودا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە نەتەوەیەكگرتوەكان كرد ناوبژیوانی بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكەن.



PM:10:26:21/05/2022