سەبارەت بە ناردنەوەی پەنابەرانی كورد لە بەریتانیا روونكردنەوە دەدرێت


دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران رایدەگەیەنێت "هەموو ڕێكارێك دەگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی دیپۆرتی زۆرەملێی پەنابەرانی كورد لە بەریتانیا، بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە حكومەتی عێراق دەكەن ڕێگا نەدات ئاسمانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دیپۆرتی زۆرەملێ بەكاربهێنرێت".  

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ڕاگەیەنراوێكدا  رایگەیاندووە "بەداخەوە لە هەلومەرجێكدا كە چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بەرۆكی ئەم هەرێمەی گرتووە، پرسی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەرانی عیراقی جارێكی دیكە قەیران بۆ كۆی پڕۆسەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان زیاد دەكات."   

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، " دەزگای لوتكە لە هەوڵی جددی و بەردەوامدا دەبێت بۆ ڕاگرتنی دیپۆرتی زۆرەملێی پەنابەرانی كورد لە بەریتانیاوە و بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم ڕێگا مەدەنییەكان دەگرینەبەر و لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان، دەست لەناو دەست فشار دروست دەكەین لەسەر نوێنەرایەتیی وڵاتی بەریتانیا لە عیراق و ڕێگەنادەین بەو شێوە ڕوونە پێشێلی مافەكانی مرۆڤ بكرێت."   


هەروەها دەڵێت "هاوكات ڕوودەكەینە حكومەتی عیراق و بە فەرمی داوا دەكەین ڕێگا نەدرێت ئاسمانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دیپۆرتی زۆرەملێ بەكاربهێنرێت."   






AM:12:12:22/05/2022