نێچیرڤان بارزانی: دەبێت کۆتایی بە دەستتێوەردانی حیزبی لە پێشمەرگەدا بهێندرێت

 

نێچیرڤان بارزانی داوایکرد پەلە بکرێت لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دەستوەردانی حیزبی لەسەر پێشمەرگە هەڵبگیرێت.

ئەمڕۆ یەک شەممە، ٢٢ی ئادار، نێچیرڤان بارزانی لە وتارێکدا لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی ٦ ی ئەفسەران و خولی ١٦ی پێشمەرگە لە کۆلێژی سەربازیی ٣ ی قەڵاچوالان سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە ٥٠٣ ئەفسەر و دەرچووی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان کرد.

 باسی ئەوەشیکرد، گڕ و تینێکی تازە دەخەنە نێو ریزەکانی پێشمەرگەوەو، سەرۆکی هەرێم داوایکرد پەلە بکرێت لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و "دەستوەردانی حیزب لەناو پێشمەرگە هەڵبگیرێت".

لەسەرەتای وتەکەیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی ناساند. ( تائێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە میدیاکان ناوی بافڵ تاڵەبانی وەک هاوسەرۆک ناوزەند دەکەن).

سەرۆکی هەرێم داواشی لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق کرد، "وەکو لە دەستووری عێراقدا هاتووە، وەکو بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق تەماشای هێزی پێشمەرگە بکەن و پێداویستییەکانی پێشمەرگە دابینبکەن و پەلەبکرێت لە دەستبەکاربوونی هەردوو لیوای هاوبەش، کە بڕیاری لێدراوە بۆئەوەی رێگە لە بەهێزبوونی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان بگرێت."

 


 



PM:12:29:22/05/2022