كۆنسوڵی گشتی كۆنسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، كۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بە گرنگ دەزانێت و جەختیش لەسەر ئازادی رۆژنامەوانی دەكاتەوە.
ئەمڕۆ رۆبەرت پاڵەدینۆ، كۆنسوڵی گشتی كۆنسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، لە ئیڤێنتێكی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند "باوەڕمان وایە ئازادی رادەربڕین بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە، چونكە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەبوونی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هەرێمی كوردستان دەوێت".
ناوبراو روونیكردۆتەوە "دەستخۆشی لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین بۆ هەنگاوەكانی ئەمدواییەیان بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوانیان و تەنانەت هەندێك لەو كۆبوونەوانەش ئەمڕۆ بەڕێوەدەچن".
پاڵەدینۆ وتویەتی "زۆر خۆشحاڵم كە ژمارەیەكی زۆر میدیا لێرە دەبینم كە نوێنەرایەتی زۆر پارتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەكەن، خۆشحاڵم لێرە هەمووتان پێكەوە دەبینم و ئەمەش ئەو شتەیە، كە هەرێمی كوردستان دەیەوێت و ئەمەش گرنگە".