سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بۆ دەسەڵات: خەڵك لە ئێوە بێزارە


یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە "سەیرە ئەوانەی زیاتر لە سی ساڵە قۆرخی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و چەكداریی هەرێمیان كردوەو لە تروپكی هەرەمی ئەم دەسەڵاتە شكستخواردوەی هەرێمن، كەچی كە قسە دەكەن وەك هەر هاوڵاتییەكی ئاسایی گلەیی دەكەن و، باسی نائومێدیی خەڵك دەكەن! ئەرێ بەڕاست كێ دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە بوەو خەڵك لە كێ بێزارە؟".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئێوە كە دەسەڵات و خاك و خێروبێری كوردستان بە میراتی خێزانی دەزانن و قۆرختان كردوە، سەرچاوەی سەرەكیی شكستخواردویی دەسەڵاتی هەرێم و بێزاریی خەڵكی كوردستانن".

هەروەها دەڵێت "خەڵك لە ئێوە بێزارە كە پاش ئەو هەمو ساڵەو لەگەڵ ئەو هەمو سامانی ژێر زەوی و سەرزەوییە، پاش نزیكەی ١٠ ساڵ لە هاتنی بودجە لە بەغدا، پاش زیاتر لە ١٠ ساڵ فرۆشتنی زیاتر لە نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، دارایی هەرێم و خەڵكەكەیتان هێنایە (سەر ساجی عەلی) و ئابورییەكەیتان وێران كرد".



PM:08:50:22/05/2022