گۆرانیە تازەکەی کۆمسای قەدەغە کرا
"ئەوەندە کافی بوو بۆم کە پەیامەکەم بگەیەنم"

وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێم بە تۆمەتی تێکدانی شیرازەی خێزان، بەرهەمە نوێیەکەی گۆرانیبێژ کۆمسای بە ناو (slaw bitch) قەدەغە کرد، هەروەها کۆمسای وەڵامی وەزارەتی ڕۆشنبیری دەداتەوە و دەڵێت" ئەوەندە کافی بوو بۆم کە پەیامەکەم بگەیەنم". 

لە نوسراوێکدا کە دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە و واژووی شێروان عەبدوڵا خورشید، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، تێیدا هاتووە" چەند رۆژێکە کلیپێک لەلایەن گۆرانیبێژ کۆمسای بە ناوی slaw bitch بڵاوکراوەتەوە کە کارێکی زۆر ناشیاوی دوور لە نەریتی گشییە و لە رووی دەق و هەنوی میوزیکی و میلۆدیشەوە زۆر لاواز و بێ بنەمایە".

ئەوەشی خستەڕوو، گۆرانییە نوێیەکەی ئەو گۆرانیبێژە هۆکارە بۆ تێکدانی شیرازەی خێزان و بێڕێزیکردن بە ئاین و داب و نەریتی کوردی، بۆیە داوا لە گشت میدیا بینراو و بیستراوەکان دەکەن خۆیان بپارێزن لە پەخشکردنی ئەم "کلیپە ئاست نزمە". 

پاش ئەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیاری ڕاگرتنی ڤیدیۆ کلیپەکەی کۆمسای دەرکرد، کۆمسای وەڵامی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو ئیشی خۆی کردووە.

هاوکات لای خۆشیەوە کۆمسای لەبارەی بڕیارەکەی وەزارتی ڕۆشنبیریەوە ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" بەرهەمەکەم (سڵاو خوێڕی) تێکستێکی شێرەکچانەی هەیە، لەسەر شێوازی ڕاپ دیسە کە لە جیهاندا باوە و زۆربەی هونەرمەندەکانی جیهان بەو شێوازیە گۆرانییان وتووە". 

دەشڵێت" من یەکەم کچم ناڕەزایەتی خۆمم لە ڕێگەی موزیکەوە دەربڕیوە، گەندەڵی ڕاناگیرێت، بەڵام هێرشکردن بۆسەر ژن و موزیک ئاسانە، ئەوەندەش کافی بوو بۆم کە پەیامەکەم بگەیەنم". 

بەرهەمە نوێکەی گۆرانیبێژ کۆمسای بەناوی (slaw bitch) لە شەوی ٢٠ی ئایاردا لە چەناڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب بڵاویکردووەتەوە، کە ئێستا زیاتر لە (١٠٦) هەزار کەس بینیویەتی.

کۆمسای لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، سەرەتای دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەی خۆشترین دەنگ، لە شاشەی ئێن ئاڕتی دوو پەخش دەکرا، لە ئێستادا خاوەنی چەندین گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپە. 


AM:11:00:23/05/2022