بەهۆی خۆڵبارینەوە سبەی لە پارێزگای هەڵەبجە پشووە



پارێزگای هەڵەبجە رایدەگەیەنێت "بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی پارێزگاكەی گرتوەتەوە، سبەی سێشەممە لەسەرجەم دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە پشوی فەرمی دەبێت".

پارێزگای هەڵەبجە لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی هەرێمی كوردستانی بەگشتی و پارێزگایی هەڵەبجەی گرتوەتەوە، لەبەر ڕەوشی بریندارانی چەكی كیمیاوی و بۆ پاراستنی گیانی فەرمانبەران، لەژێر ڕۆشنایی ڕێنماییە تەندروستیەكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم و ناوەند و زانیاریە كەشناسیەكان كە سبەینێش خۆڵبارین بەردەوامە، بە بڕیاری پارێزگاری هەڵەبجە سبەی سێشەممە لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە پشوی فەرمیە".

پێشتریش وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "چاودێری رەوشی كەشوهەوا دەكەین، هەركاتێكیش ئاستی خۆڵبارین لە هەر شوێنێك بگاتە رادەی مەترسی بۆسەر تەندروستی مرۆڤ، بێ دو دڵی راسپاردەی پشوی شوێنە فەرمیەكان و گشتیەكان دەكەین لە هەردو كەرتی گشتی و تایبەت لەپێناوی بەرژەوەندی و تەندروستی هاوڵاتیان".



PM:10:23:23/05/2022