لاهور شێخ جەنگی لە بەغداد سكاڵا دژی بەرپرسانی یەكێتی تۆمار دەكات

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دادگای كەرخ سكاڵای یاسایی دژی بەرپرسانی ئێستای حیزبەكەی تۆماركردووە بە تۆمەتی "دەركردن"ی لە ریزەكانی ئەو حیزبە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی تایبەتی یەكێتییەوە دەست ماڵپەڕی (سپی) كەوتوون، لە ماوەی رابردوودا لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دادگای كەرخ سكاڵای یاسایی دژی بەرپرسانی ئێستای حیزبەكەی تۆماركردووە ئەویش بە تۆمەتی ئەوەی بە رێگەی "ناپەیڕەوی" لە حیزبەكەی "دەركراوە".
ئەو سەرچاوەیە سەرسوڕمانی خۆی لەو سكاڵایە تۆمار كرد و وتی" تۆماركردنی ئەو سكاڵایە لە دادگایەكی شاری بەغدا جێی تێبینییە، چونكە ئەو مەسەلەیە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بووە و پەیڕەوی هەر حیزبێكیش لەگەڵ حیزبێكی دیكە جیاوازە".

لە رۆژی (٨)ی تەموزی ساڵی رابردوو كێشەكانی نێوان لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكانی یەكێتی تەقینەوە ئەوەش دوای گۆڕینی بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆری یەكێتی لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە كە لە لاهور شێخ جەنگی نزیك بوون.

دواتر كێشەكان بەردەوامیان وەرگرت و میدیاكانی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی داخران و سەركردەكانی نزیك لەو سەركردەیەش لە پۆستەكانیان دوورخرانەوە، تا كار گەیشتە "دەركردن"ی لاهور شێخ جەنگی لە ریزەكانی ئەو حیزبە، پاشان موراد كانی كوردەیی، سەركردەی سەربازی و چەند كەسێكی نزیك كە لە لاهور شێخ جەنگییەوە نزیك بوون، لەلایەن هێزی تایبەتی یەكێتیەوە لە شاری رانیە كوژران.


PM:12:06:24/05/2022