وەزارەتی شارەوانی: چیتر لێخۆشبوونی قەرزەکان درێژناکرێتەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت"بڕیاری لێخۆشبونی قەرزەكانی ئاو و شارەوانی و گەشتوگوزار و شوێنەوار درێژ ناكرێنەوە و چەند ڕۆژێكی دیكە كۆتایی دێت". 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا کە دانەیەکی بۆ ماڵپەڕی (سپی) نێردراوە ئاماژەی بەوەکردووە" دوا وادە بۆ لێخۆشبوونی ڕێژەی  (١٥%)ی قەرزەكانی ئاو، گەشتوگوزار، شارەوانی، شوێنەوار كە لەلای هاوڵاتیانە تاوەكو ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ دیاریكراوە و لەم ڕێكەوتە بەدواوە درێژ ناكرێتەوە". 
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاوڵاتیانەی قەرزی حكومەتیان لایە، لە سێكتەرەكانی ئاو، شارەوانی، گەشتوگوزار و شوێنەوار، پێویستە لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەی ماوە، سەردانی دامودەزگەكانی شارەوانی، ئاو، گەشتوگوزار و شوێنەوار بكەن بۆ ئەوەی لە بڕیارەكە سوودمەند بن، بە پێچەوانەوە دوای وادەی دیاریكراو، هیچ داشكاندێك نایانگرێتەوە و بڕیارەكەش درێژ ناكرێتەوە.

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە" دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاگادار كراونەتەوە لە ماوەی ئەو (١٢) ڕۆژەی لەبەردەم بڕیارەكەدا ماوە، پێویستە بە هەمو شێوەیەك ئاسانكاری بۆ هاوڵاتییان بكەن كە مامەڵەی گەڕاندنەوەی قەرزەكانیان و سوودمەندبون لە بڕیاری لێخۆشبون دەكەن، هاوكاری بكرێن و ئاسانكاری پێشكەش بكەن". 


PM:01:05:24/05/2022