هەردوو پارتیی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆبوونەوە و لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا، ڕایانگەیەند "زەمینەیەکی
لەبار بۆ گفتوگۆ و ئاساییکردنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان ھاتووەتە ئاراوە."
ئەمڕۆ ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢ی ڕۆژی چوارشەممە، هەردوو پارتیی دیموکراتی
کوردستان و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆبوونەوە ڕاگەیاندراوێکیان
بڵاوکردەوە، تێیدا ھاتووە، لیژنەیەکی ھاوبەشی مەکتەبی سیاسیی ھەردوولا گفتوگۆ دەکات
لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردن و کۆبوونەوە ھاوبەشەکانی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی
وەک پرەنسیپی کاری پێکەوەیی بەردەوام دەبن.
دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسی
یەکێتی و پارتی:بەمشێوەیەی خوارەوە هاتووە:
ڕاگەیەنراوی ھاوبەشی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئەمڕۆ چواشەممە ٢٥/٥/٢٠٢٢ لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی
کوردستان، کۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕاشکاوانە پەیوەندییەکانی ھەردوولا
و دۆخی ئێستای عیراق و ھەرێمی کوردستان و زەمینەی ھاریکاریی ھاوبەش و کاری پێکەوەیی،
تاوتوێ کرا.
ھەردوولا جەختیان کردەوە کە دوای دەستپێشخەری و
سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی، زەمینەیەکی لەبار
بۆ گفتوگۆ و ئاساییکردنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا و کارکردن
بۆ گێڕانەوەی متمانەی نێوان ھەردوولا و ھاریکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە ڕێگەی
لێکگەیشتن و گفتوگۆوە، ھاتووەتە ئاراوە.
ھەردوولا بڕیاریان دا کە بۆ ئەم مەبەستە کۆبوونەوە
ھاوبەشەکانی ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی وەک پرەنسیپی کاری پێکەوەیی بەردەوام
بن، ھەروەھا لیژنەیەکی ھاوبەشی مەکتەبی سیاسیی ھەردوولا بێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر
پرۆسەی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە
ھاوکاری و پاڵپشتیی ھەردوولا بۆ حکوومەتی ھەرێمی کورستان و دامودەزگا شەرعییەکانی
و بەردەوامیی ڕاگرتنی ھەڵمەتی ڕاگەیاندنی دژ بە یەکتر کردەوە.