دوو بومەلەرزە لە سنوری پارێزگای سلێمانی ڕوویدا

شارەزایەکی بواری کەشناسی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ دوو بومەلەرزە بە دوو گوڕی جیاواز لە ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوویدا". 

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی و بومەلەرزە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە بەیانی ئەمڕۆوە، دوو بومەلەرزە لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویانداوە و لە چەند ناوچەیەکی ئێران-یش بومەلەرزە تۆمارکراوە". 

لەبارەی کاتەکانی روودانی بومەلەرزەکان ئاراس جەبار باسی لەوەکردووە، بوومەلەرزەی یەکەم کاتژمێر (٥:٢١)ی خولەکی بەیانی بە گوڕی (٢.٩) پلە بە پێوەری رێختەر لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێن روویداوە، بومەلەرزەی دووەمیش لە کاتژمێر (٢:٢٦) خولەکی دوانیوەڕۆ بە گوڕی (٢.٩) لە سنووری شارۆچکەی دوکان لە نزیک گوندی کەلکان روویداوە. 

ناوبراو لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەیدا هۆکاری روودانی بومەلەرزەکانی ئەمڕۆ دەگەڕێنێتەوە، بۆ "زیادبوونی جوڵەکانی پلێتی فارسی و عەرەبی".


PM:06:52:27/05/2022