"لەمەودوا رێگە نادرێت چاوپێكەوتن لەگەڵ تۆمەتبارانی كوشتنی ژنان بكرێت"



وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا رێگە نەدرێت چاوپێكەوتن لەگەڵ تۆمەتباران بە دۆسیەكانی كوشتنی ژنان بكرێت كە هاندان و كار ئاسانی دەكات بۆ توندوتیژی.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ ژمارەیەك لە ڕێكخراوە ئەندامەكانی ناو گروپی كاری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری كۆمەڵایەتی شاری سلێمانی، سەردانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانیان كرد و لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی وەزارەت كۆبوونەوە.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، رێكخراوەكان یاداشتێكیان پێشكەشی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كرد، سەبارەت بە پرسی ڕوماڵی میدیاكان و چۆنیەتی ڕۆماڵ لەسەر پرسی ژنان، یاداشتی ڕێكخراوەكان لە گروپی كاری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە شاری سلێمانی كۆمەڵێك داخوازی و خاڵی گرنگی لەخۆ گرتبو، داواشیان كرد وەزارەت ڕەچاویان بكات و كاری لەسەر بكات و سنورێكیش بۆ روماڵی میدیای سەبارەت بەكوشتنی ژنان دابنرێت.

وەك راگەیەنراوەكە ئاماژەی بۆ كردووە بڕیاردرا هەماهەنگی لەسەر پرسە هەستیارەكان بكرێت تاكو سنورێك دابنرێت بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵانەی كاریگەری نەرێنی لەسەر كۆمەڵگە و پرسەكانی ژنان دروست دەكەن، بەتایبەت ڕێگە نەدان بە چاوپێكەوتن لەگەڵ تۆمەتباران بە دۆسیەكانی كوشتنی ژنان كە هاندان و كار ئاسانی دەكات بۆ توندوتیژی.






PM:11:41:01/06/2022