نوسەر و وەرگێری گەورەی کورد عەزیز گەردی کەمێک پێش ئێستا کۆچی دوایی کرد.
نوسەری دیاری کورد عەزیز گەردی لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی هەولێر، ئەمرۆ ٦ ی حوزەیران کۆچی دوایی کرد.
عەزیز گەردی نیوسەدە زیاترە خزمەت بە نوسین و ئەدەبی کوردی دەکات و شاکارە جیھانیەکانی بۆ وەرگێڕاوین بۆ سەر زمانی کوردی، ماوەیەکە ناساغە و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەرەتای ئەم مانگە گەیەندرایە نەخۆشخانە.
عەزیز گەردی، لە ساڵی ١٩٤٨ لە بەحرکە لەدایکبووە، زیاد لە ٣٦ کتێب و بەرهەمی ئەدەبی گرنگی جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، هەروەها ماوەیەك لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر مامۆستا بووە و لەرێگەی بەرهەمەکانییەوە خزمەتێکی گەورەی زمانی کوردی کردووە.
عەزیز گەردی چەند بەرهەمێکی تایبەت بەخۆی هەیە، لەوانە (رەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا، ئەدەب و رەخنە، ئەدەبی بێگانان، پیاوێك، سەروا، کێشی شیعری کلاسیکی کوردی)، جگە لە کتێبە وەرگێڕدراوەکانی کە چەندان کتێبە.