"چەندین بەنزینخانە بەهۆی خراپی بەنزینەکەیانەوە داخراون"

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، یەكێك لە چارەسەرەكانی كەمكردنەوەی سەرەی دوور و درێژی بەنزین ئەوەیە دابەشكردنەكەی بگۆڕدرێت بە كۆبۆن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٨ی حوزەیران، سامان ستار ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، دەڵێت "هەتا دێت نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان زیاتر بەرز دەبێتەوە پەیوەست بە هۆكارەكانی ئەو بەرز بوونەوەیە پەیوەندی بە دوو هۆكارەوە هەیە یەكێكیان ئەوەیە كە نرخی ئەو سوتەمەنییە لە جیهاندا بەرز بووەتەوە، هۆكارەكەی دیكەش ئەوەیە كە خواست و داواكاری هاووڵاتییان زیادیكردووە.

وتیشی،  پێویستە حكومەتی عێراق پشكی بەنزینی پارێزگاكانی هەرێم زیاد بكات، چونكە حكومەتی هەرێم لە توانایدا نییە بە نرخێكی كەم بەنزین دابین بكات.

باس لە ئەوەش دەكات، چارەسەرێكی دیكە ئەوەیە كە بەنزین بە كۆبۆن دابەش بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو قەرەباڵغییەش كەم بكرێتەوە كە لە كاتی وەرگرتنی بەنزیندا دروست دەبێت، باسی ئەوەشیکرد، ئەو بەنزینەی لە بەنزینخانەكان هەیە كوالێتی خراپە و تا ئێستا چەندین بەنزینخانە بەو هۆیەوە داخراون.



PM:01:51:08/06/2022