خەڵاتی یەكەمین دەبەخشرێتە ژوری بازرگانی سلێمانی


یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی عێراق لەشاری سلێمانی كۆدەبێتەوەو خەڵاتی رێزلێنان بەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی دەبەخشرێت كە چالاكترین  ژووری بازرگانییە لەسەر ئاستی عێراق.

سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بە (سپی) راگەیاند، بڕیار دراوە هەفتەی داهاتوو كۆبونەوەی ئەمجارەی یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی عێراق لە شاری سلێمانی ساز بكرێت و وتی "بڕیارە خەڵاتی ڕێزلێنان ببەخشرێتە ژوورەكەمان بەو پێیەی چالاكترین ژوور بووە لەسەر ئاستی عێراق لەساڵی رابردوودا، كە ئەمەش بۆ یەكەمینجارە لەمێژووی ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەكانی عێراقدا، خەڵاتی ڕێزلێنان ببەخشرێت بەژوورێكی بازرگانی‌و پیشەسازی‌و وەك چالاكترین ژوور لەسەر ئاستی عێراق ھەڵبژێردرێت‌و دیاری بكرێت”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "ئەمەش جێگەی شانازی‌و خۆشحاڵییە بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێری ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی كە ئێمە بە بەردەوامی كارمان كردوە بۆ بازرگانان‌و پیشەسازان‌و ئەندامانی ژوور، ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمەدا بێت كردومانەو درێغیمان نەكردووە، ھەمیشە كێشەو گرفتی بازرگانانمان گەیاندوە بەلایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و ھەوڵمانداوە ڕەوشی ئابوری شاری سلێمانی بەرەو پێش بەرین‌و گەشەی ئابوری بەردەوام لەهەموو سیكتەرەكانی پیشەسازی‌و كشتوكاڵی‌و بازرگانیدا دەستەبەر بكەین”.



PM:12:38:10/06/2022