لە سلێمانی یەکەمین رێوڕەسمی خەڵاتی ساڵانەی كامەران نەجم ساز دەکرێت

سەرتیپ عوسمان فۆتۆگرافەر لە میترۆگرافی لە لێدوانێکی رۆژانەمەوانی رایگەیاند" بە مەبەستی دەستگیرۆیی فۆتۆگرافەران و رەخساندنی زەمینەی پێشبڕکێی بۆ کاری فۆتۆگرافی و دەرخستنی توانا شاراوەکان زیاتر لە ساڵێکە لە ئامادەکاریداین و بانگەواز بۆ فۆتۆگرافەر، ڤیدیۆگرافەر، رۆژنامەنووسان کرا تا لە ھەرشوێنێکی ئەم جیھانەن بە بەرھەمەکانیان بەشداری خەڵاتی کامەران بکەن و بابەتەکانیان پێشکەش بکەن کە لەسەر دووئاستی گشتگیر کارەکان رێکخراون و خەڵات دەبەخشرێت". 

یەکەمیان بریتییە لە خەڵاتی رۆژنامەوانیی کامەران کە بڕی ١٢ ھەزار دۆلار دەبەخشرێتە رۆژنامەنووسێکی براوە کە لە یەکێک لە بوارەکاندا وەک پرۆژەی درێژمەودا کاری کردوە.

دووھەمشیان خەڵاتی یادکردنەوەی کامەران دەبەخشرێتە خێزانی فۆتۆگرافەرێک کەلەکاتی کارەکەیدا بێسەروشوین بووە ، ئەمەش لەپێناو وننەکردنی ئەزموون و ژیانی ئەو سەربازە ونانەی کە بە زومی کامێراکانیان خزمەتی مرۆڤایەتی و بەھا مرۆییەکانیان کردووە و ژیانیان بەخشیییەوە بە پیشەکەیان. 

ژمارەیەک دادوەریش کە پێکھاتوون لە کەسانی پسپۆڕو شارەزا ھەڵسەنگاندیان بۆ بابەتە پێشکشکراوکان کردووەو بێلایەنانە بڕیار لەوە دەدەن کێ دەبێتە براوەکانی خەڵاتی ئەمساڵ كە سبەینێ لە رێوڕەسمەکەدا ئاشکرادەکرێت .

خەڵاتی کامەران، بەناوی فۆتۆگرافەر و دامەزرێنەری ئاژانسی مێترۆگرافی کامەران نەجمەوە ناونراوە کە 12ی حوزەیرانی ساڵی 2014 لەکاتی رووماڵکردنی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی تیرۆریستی داعش برینداربوو و تاوەکو ئێستاش بێسەروشوێنە.

خەڵاتی کامەران ئەمساڵ بۆ یەکەمجار سازدەکرێت و دەبێتە رێوڕەسمێکی ساڵانە و لەلایەن ئاژانسی مێترۆگرافییەوە زەمینە دەڕەخسێنرێت بۆ ھەموو ئەو فۆتۆگرافەر ، ڤیدیۆگرافەر ، رۆژنامەنووسانەی دەیانەوێت لە پیشەکەیاندا داھێنان بکەن و خزمەت بکەن ، یاخود لەرێگای زومی کامێراکانیان خزمەتی کۆمەڵگایان کردووە و بونەتە قوربانی و ژیان وئەزموونیان بە بیردەھێنرێتەوە. 


PM:04:01:12/06/2022