كارمەندانی كەرتی تایبەت وەك كەرتی گشتی خانەنشین دەكرێن


دوای هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی، كارمەندانی كەرتی تایبەت هاوشێوەی كارمەندانی كەرتی گشتی خانەنشین دەكرێن.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و ژمارەیەك لایەنی پەیوەندیدار، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، یاسای خانەنشینی دەبێت بە جۆرێك هەموار بكرێتەوە لەگەڵ پێویستییەكانی سەردەم و رەوتی گەشەكردنی كەرتی تایبەتدا بگونجێت.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە "هەمواری یاسای خانەنشینی دەبێت لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا بێت سەبارەت بە هاوتاكردنی ماف و ئیمتیازاتی كارمەندانی كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی، ئەمەش لەلایەكەوە یارمەتیدەر دەبێت لە گەشەكردن و بەهێزبونی كەرتی تایبەت و زیادكردنی هەلی كار و لەلایەكی دیكەشەوە هاندەر دەبێت بۆ هاوڵاتیان لە بری ئەوەی تەنها چاوەڕوانی دامەزراندن لە حكومەت بكەن، بە هەمان ئیمتیازاتی كەرتی گشتی دەتوانن لە كەرتی تایبەت دابمەزرێن".


هەر بەپێی راگەیەنراوەكە لە كۆبونەوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە "دەبێت پڕۆژەی هەمواری یاساكە بە جۆرێك ئامادە بكرێت كە قابیلی جێبەجێكردن بێت و لەگەڵ بارودۆخی كۆمەڵایەتی و ئابوری هەرێمی كوردستان بگونجێت".



PM:07:43:15/06/2022