ئەدهەم بارزانی هۆشداری دەدات


ئەدهەم بارزانی، سەركردەی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "نیگەرانی و توڕەیی خەڵك لەنادادی و جیاوازی چینایەتی و گەندەڵی و گرانی بازار گەیشتووەتە لوتكە و دۆخەكە روو لە ئاڵۆزییەكە كە ئەوسەری دیار نییە".  

ئەدهەم بارزانی، ئەندامی پێشووی سەركردایەتی پارتی  لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "وەك هەموو لایەك ئاگادارن، نیگەرانی و تورەیی خەڵك لەنادادی و جیاوزای چینایەتی و گەندەڵی و گرانی بازار گەیشتۆتە لوتكە و دۆخەكە روو لەئاڵۆزیەكە كە ئەوسەری دیار نییە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لەم سۆنگەیەوە داوا دەكەم هەموو لایەنە بەشدارەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەخەمی نیگەرانیەكانی خەڵكەوە بن و شۆر ببنەوە بۆ ناو میللەت بۆ گوێگرتن لەخواستەكانی جەماوەر و ڕێكارەكانی چارەسەركردن بگرنەبەر".  

 هەروەها دەڵێت "نیگەرانی و نەڕەزایەتی گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیداری پێوانەیی، تەواوی بارۆدۆخی كوردستان لە بەردەم مەترسیدایە، بۆیە ئومێدوارم بەرپرسانە پەلە بكرێت تا ئەو درزە گەورەیەی كە لە نێوان دەسەڵات و جەماوەردا دروست بووە چارەسەر بكرێت و نەمێنێت تا ئاشتی كۆمەڵایەتی تێكنەچێت".  



PM:10:51:15/06/2022