دوو گەنج لە گەلی عەلی بەگ خنکان

ئەمڕۆ هەینی دوو گەنجی دانیشتووی هەولێر كە بۆ گەشتكردن ڕوویان لە هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ كردبوو، لە ئاوی سەیرانگاكەدا خنكان.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەیانی ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە بە ڕووداوێکی خنکان لەناو گەلی عەلی بەگ، دەستبەجێ تیمەکانی مەلەوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان دەرچوون بۆ شوێنی ڕووداو، بەپێی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ تیمەکانمان، دوو هاووڵاتی خنکاون بەناوەکانی ئیبراهیم شێرزاد ڕەشید کە لەدایکبووی (٢٠٠١)ـە و مستەفا ڕزگار شێخ محمد کە لە دایکبووی ساڵی (٢٠٠٣)ـە و هەردووکیان خەڵکی شاری هەولێرن". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان لەگەڵ پۆلێک لە برادەرانیان بە مەبەستی گەشت و سەیران ڕوویان لەم ناوچەیە کردبوو، دوای نزیکەی یەک کاتژمێر گەڕان توانرا تەرمی ئیبراهیم شێرزاد بدۆزرێتەوە و لەلایەن تیمەکانمانوە لە ئێستادا بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکەی تر.


PM:02:06:17/06/2022