" سپی " راپۆرتی بە دواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بڵاودەکاتەوە


رۆژی ٩ ی حوزەیران بە واژووی د. ڤالا ئیبراهیم وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان راپۆرتی بە دواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکان و خانەنشین، ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکات و " سپی " کۆپیەکی ئەو راپۆرتەی دەستدەکەوێت کە لە خوارەوە وەک خۆی بڵاویدەکاتەوە. 

ئەو ڕاپۆرتە لە ٨ بەش و ١٧ ماددە پێکهاتووە، کە چەندان بابەتی گرنگی وەک رێکخستنەوەی ماف و ئیمتیازاتی شەهیدان و، خانەنشینی پلە باڵاکان و، هەنگاوە نوێکانی بایۆمێتری و، رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و، چەند بابەتی گرنگی تری گرتۆتە خۆی.

- لە مادەی رێکخستنەوەی ماف و ئیمتیازاتەکانی میراتگیری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراو زیندانی سیاسیدا هاتووە کە مینحەی ١٣ هەزار و ٢٨٢ بەخێوکەر هەڵوەشاوەتەوە بەمەش ٩٩٦ ملیۆن و ١٠٥ هەزار دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم.

- لە زیادەڕۆیی لە ناونووسکردنی شەهیداندا لە ٦٩ هەزار و ٨١٢ شەهید، ٩٩٩ شەهید ئەو ئیمتیازاتەی دانراوە بۆ شەهیدان، نایانگرێتەوە.

- لەبارەی وەرگرتنی زیاتر لە مووچەیەک بەدەر لە یاسا و رێنوماییە بەرکارەکان، لە کۆی گشتی دوو مووچەیی لە نێو خانەنشین و فەرمانبەردا ژمارەیان ١٠ هەزار و ٨١٩ کەسە، لەو ژمارەیە ٤ هەزار و ١٨٩ کەسیان دوو مووچەی نایاسایی وەردەگرن.

- سەبارەت بە چاکسازی لە بواری هێزی پێشمەرگەدا و پرۆسەی یەکگرتنەوەدا، لە ١/٧/٢٠٢٠ ەوە تا ١/٤/٢٠٢٢ لە ١٤ لیواوەو ژمارەی یەکگرتنەوەی لیواکان بەرزبۆتەوە بۆ ١٩ لیوا و ژمارەی پێشمەرگەکانی لە ٤٣ هەزار و ٣٤٧ پێشمەرگەوە بەرزبۆتەوە بۆ ٦٠ هەزار و ١٦ پێشمەرگە.

- لە بواری کەم ئەندامی پێشمەرگە لەکۆی ٩ هەزار و ٦٤٦ پێشمەرگە کە پشکنینیان بۆ کراوە، لەو ژمارەیە ٤ هەزار و ٦٥٠ پێشمەرگە لە پشکنیندا بە رێژەی ٥٠% کەم ئەندامە و پەسەند کراون.

- لەبوارێکی تری هەستیاری راپۆرتی چاکسازیدا ئاماژە بۆ خانەنشینی پلە باڵاکان دەکات کە وەک رێزلێنان پێیان دراوە، یان بە پلەیەکی بەرزتر خانەنشین کراون، هاتووە:

ئەو کەسانەی وەک وەزیر خانەشین کراون، ٤١ کەسن، وەک رێزلێنان ٣٥ کەسیان ئەو مووچەیەیان وەرگرتووە، ٦ یان پلەی بەرزتریان پێداون.

پلەی بریکاری وەزیر ٣٥ کەس، لەو ژمارەیە ١٩ کەسیان وەک رێزلێنان بۆیان کردوون، ١٠ کەسیان بە پلەی بەرزتر بۆیان کراوە، ٦ یان دۆسیەی تایبەتی هەیە.

راوێژکار ژمارەیان ٤٦ کەسە، ٤١ یان وەک رێزلێنانی ئەو پۆستەیان بۆ کراوە، ٥ یان بە پلەیەکی بەرزتر.

بەڕێوەبەری گشتی٣٥٤ کەس خانەنشینی ئەو پۆستەیان بۆ کردوون، لەو ژمارەیە هەر ٣٥٤ کەیان وەک رێزلێنان بۆیان کردوون، حکومەت بە نوێنەرایەتی هەر سێ لایەنی پێکهێنەری حکومەت دەبێت بە بڕیار ئەم دۆسیەیە یەکلایی بکاتەوە.

- لەبارەی قەرزەکانی حکومەتەوە لەسەر کۆمپانیاکان و شوێنەکانی تر، بڕەکەی ٩٢٩ ملیار و ٣٨٦ ملیۆن و ٩٣٨ هەزار دینارە، بەو سودەی چۆتە سەری ئەو قەرزانە بەرزبۆتەوە بۆ ٩٦٩ ملیار و ٤٠٢ ملیۆن و ٨١٥ هەزار دینار، تا ئێستا لە دەرچوونی یاسای چاکسازیەوە تەنها ٤١ ملیار و ٢٤٤ ملیۆن و ١٩٩ هەزار گەڕاوەتەوە خەزێنەی دەوڵەت.




AM:12:11:18/06/2022