لەبارەی دابەشنەکردنی بەنزینی (٨٠٠) دیناری لە سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدرێت

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی دابەشنەکردنی بەنزینی (٨٠٠) دیناری زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات و دەڵێت" پرۆسەکە نوێیە بۆیە دواکەوتن بە خۆییەوە دەبینێت". 

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بە (ئێن ئاڕ تی) راگەیاند" بەهۆی ئەوەی تازە هاتوونەتە سەر جێبەجێکردنی ئەم رێکارانە هەر لە رووی بەرهەمهێنانەوە و لە دواتریشدا تێپەڕبوونی بە کوالیتی کۆنترۆڵ و پشکنیندا و پاش گەیشتنی بۆ عەمبارەکان بەرەو بەنزینخانەکان دەگوازرێنەوە و دووبارە پشکنینی بۆ دەکرێت، بۆیە لە سەرەتا تا رێکاران رێچکەی خۆیان وەردەگرن دەکرێت پرۆسەکە بە خاوی بەڕێوە بچێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە رۆژانە ئەو بڕە بەنزینەی دیاریکراوە بگاتە شوێنی مەبەست و دابەشبکرێت بەپێی ئەو خشتەیەی داندراوە.

ئاشکراشیکرد، ئەم بەنزینە بەنزینە (٦٩٠) دینارییەکەی عێراق نییە و لە ئێستادا رایانگرتووە و بە ئومێدن دووبارە دەست بە دابەشکردنی ئەویش بکرێتەوە.

ماوەی سێ ڕۆژە، دژی نەبوونی بەنزین لە سنوری پارێزگای سلێمانی ژمارەیەک لە شۆفێران خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە. 


PM:01:22:18/06/2022