کۆمپانیایەکی گەورەی نەوتی نێودەوڵەتی كشانه‌وه‌ى خۆی لە هەرێم ڕاگه‌یاند

دوای ئەوەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئاگادارکرانەوە لە کاریگەریی ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم، کۆمپانیایەکی گەورەی نەوتی نێودەوڵەتی دەستیان بە کشانەوە کردووە.

نەبیل مەرسومی شارەزای ئابوری ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند" کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کشاونەتەوە، ئەمەش دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دێت". 

مەرسومی لە بەشێکی تری تویتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە" کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی (بەیکەر هیوز) پابەندبوونی تەواوی خۆی بە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (٥٩)ی ساڵی ٢٠١٢ و رێنماییەکانی وەزارەتی نەوت و لیژنەی باڵای بەڕێوەبەرایەتی سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان راگەیاند".

ڕوونیشیکردەوە، بەیكەر هیوز یەكێكە لە كۆمپانیا گەورەكانی جیهان، لە بواری خزمەتگوزاری كێڵگە نەوتییەكان و بەرهەم و خزمەتگوزاری بۆ بیرە نەوتەكان و هەڵسەنگاندنی پێكهاتەکان و تەواوكردنی بیرەكان و ڕاوێژكاری لە بواری بەرهەمهێنان و یەدەگەكان پێشكەش بە پیشەسازی نەوت و گاز دەكات. 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکردووە" بەیکەر هیوز لە زیاتر لە (١٢٠) وڵاتی جیهان کاردەکات، کۆی سامانەکەی (٣٨) ملیار دۆلارە و ٦٠ هەزار کارمەندی هەیە، کۆمپانیاکە کارێکی زۆری لە کوردستان هەیە، لەوانە جێبەجێکردنی پلانی گەشەپێدان لە کێڵگەکانی غازی میران و بینا باوی".


AM:10:32:25/06/2022