"عێراق لە ڕووی سەبازییەوە نەگەیشتۆتە ئاستێک بتوانێت زەمین و ئاسمانی وڵاتەکەی بپارێزێت"

ئەمینداری پێشووی وەزارتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت" بەگوێرەی دەستوور پاراستنی سەروەری ئاسمانی و زەمینی عێراق ئەرکی حکومەتی عێراقە، بەڵام حکومەتی فیدراڵ توانای پاراستنی ئاسمان و زەمینی وڵاتەکەی نییە". 

جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" تائێستا عێراق نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی گروپە چەکدارەکان بکات، هەبوونی هێزی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، و دەرەوەی دەسەڵاتی مستەفا کازمی، زۆر لە گروپەکان نەهاتوونەتە ژێر ڕکێفی فەرماندەیی، گروپەکان چەکیان هەیە و ئامانج و تەوجیهی جیاوازیان هەیە، بۆیە بەشدارن لە ململانێکان". 

ڕوونیشیکردەوە، هۆکاری تر دەگەڕێتەوە بۆ خودی حکومەتی فیدڕاڵ، چونکە لە ڕووی عەسکەریەوە نەگەشتووەتە ئاستێک زەمین و ئاسمانی و سنووری وڵاتەکەی بپارێزێت، لە کاتێکدا گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە زۆربەی ڕۆکێتەکان و درۆنەکان لە ئاسمانەوەیە، حکومەتی عێراق ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ئاسمانی خۆی بکات، نە هێزی ئاسمانی باشی هەیە نە سیستەمی چاودێری ئاسمانی هەیە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، وە سیستەمی دژە ئاسمانیشی نییە، ئەگەر فڕۆکە یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمان بێت، کە نەناسراو بێت یان دوژمن بێت، ناتوانێت دژی بووەستێت، چونکە سیستەمی بەرگری ئاسمانی نییە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی لاواز بوونی عێراق، بۆیە بەردەوام درۆن و فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقەوەیە. 

بە وتەی ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، لە شەش مانگی ڕابردوودا (٢٠٠) جار ئاسمان و زەمینی عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراق و وڵاتانی دراوسێوە بەزێندراون، کە لەو ژمارەیەش نزیکەی (٩٤) جاریان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد" هەرێمی کوردستان بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی درۆن و ڕۆکێتدایە، هەرێم خۆی ئەو توانایەی نییە کە بتوانێت ئاسمانی خۆی بپارێزێت، وە پاراستنی ئاسمان و سنور بە پێی دەستور ئەرکێکی دەستووری و سیادیە و دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی عێراق، بەردەوام درۆنی هێزەکانی تورکیا هەیە، کە هەندێک جار بە قوڵایی ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ کیلۆمەتر دێن لە ئامانجەکانی خۆیان دەدەن بە تایبەت کە شەڕیان لەگەڵ پەکەکە هەیە. 

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە باس لەوەش دەکات، بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکەکانی تورکیا و ئێرانەوە زیاتر لە (٤٠٠) گوند لە هەرێمی کوردستان چۆڵبوون و دەیان هاوڵاتی مەدەنییش گیانیان لەدەستداوە.


AM:11:33:25/06/2022