ئەو کەسەی شەوی رابردوو تەقەی لە یانەیەکی نەرویج کرد و ٢٣ کەس بوونە قوربانی کوردە

ئەو کەسەی شەوی رابردوو تەقەی لە یانەیەک کرد لە شاری ئۆسلۆ لە نەرویج و ٢ کەس کوژراو ٢١ کەسی تریش برینداربوون کوردەو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

دلێر محەمەد کەریم رۆژنامەنووس و نوسەری ماڵپەڕی سپی لە  نووسینێکدا کە بۆ " سپی " ناردووە دەڵێت " ئابڕووچوونێکی دیکەی کوردانی نەرویج ئەم جارەیان کوردێکی ڕۆژهەڵات".

دلێر محەمەد کە خۆی دانیشتووی ولآتی نەرویجە لە نوسینەکەیدا، دەڵێت " لەم ڕۆژانەی پێشوو، شاری ئۆسلۆ بە تایبەتی و شارەکانی دیکەی نەرویج بە گشتی، بە ئاڵا پەڵکە زێڕینەکە نەخشێنرا بوو. لە کاتێکدا هاوڕەگەزخوازەکان و سەرجەم ئەو مرۆڤانەی کە لە نێوان ژن و پیاودا جۆرێکی دیکەی پەیوەندییە سۆزدارییەکانیان پێ خۆشە، خەریکی گێڕانی ئاهەنگ و فیستیڤاڵی ساڵانە بوون بە ناوی (Pride)، کە وشەیەکی ئینگلیزییە بە مانای متمانە بە خۆبوون، شانازی کردن بە خۆوە دێت".

ئەو نوسەرە ئەوەش دەخاتەڕوو" مەبەست لەم فیستڤاڵە نیشاندانی خۆشەویستییە بۆ مرۆڤەکان و قبووڵکردنی جیاوازییەکانە، بەڵام دوێنێ شەوی هەینی لە سەر شەممە، وەکو کورد ئەڵێت (شاییان لێ بوو بە شین). کوردێکی ڕۆژهەڵات بە ناوی (زانیار مەتاپور ٤٢ ساڵ) دەستڕێژی فیشەکی کرد بە ناویاندا".

دلێر محەمەد لە نوسینەکەیدا دەڵێت" دووانیان دەست بەجێ کوژرا و ٢١ کەسیش بریندار بوون و ١٠ کەسیان لە دۆخێکی خراپدان".
 بە پێی دوا وتەی پۆلیس و پۆلیسی خزمەتە ئەمنییەکان، ئەم کردەوەیە" کردەوەیەکی تیرۆریستییە بۆیە ئامادەکاری ئەمنی لە ئاساییەوە بەرزکرایەوە بۆ پلەیەکی بەرزتر. -زانیار کەسێکی ناسراوە لە لایەن پۆلیسەوە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، لە چەندین کەیسی توندوتیژی و چەقۆکێشی و مادەی کۆکایینەوە گلاوە و چەند جارێکیش بۆ ماوەی جیاجیا زیندانی کراوە".

هەروەها هاتووە" زانیار بە مناڵی لە گەڵ خێزانەکەی پەنایان بۆ نەرویج بردووە و هەڵگری ڕەگەزنامەی نەرویجییە، بەڵام لە ژینگەی ئیسلامییە توندڕەوەکان گەورە بووە. ".





PM:05:26:25/06/2022