لێدوان لە سەركردەیەكی باڵای پارتی سەبارەت بە كێڵگەی كۆرمۆر



سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر كۆرمۆر دووپاتیكردەوە كە ئەوان لە هەرێم جیاوازی لەنێوان پارتی و یەكێتی ناكەن".

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تویتێكدا نووسیویەتی "جارێكی دیكە هێزە میلیشیاكان لە بەغدا كێڵگەی نەوت و غازی كۆرمۆر لە قادر كەرەم-چەمچەماڵ لە سلێمانی دەكەنە ئامانج ئەمەش دووپاتی دەكاتەوە كە جیاكاری ناكەن لە بەئامانجگرتنی پارتی دیموكراتی كوردستان یان یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە "هێزە میلیشیاكان ئاسایش و ئابووری هەرێمی كوردستان بە ئامانج دەگرن، ئامانجی ئەوان ملكەچكردنی هەرێمە بۆ دەسەڵاتی خۆیان".  

ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم بە موشەك هێرش كرایەوە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە ناحیەی قادر كەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، ئەمەش لەماوەی 72 كاتژمێردا سێیەمجارە بە موشەك هێرشدەكرێتەسەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر".



PM:10:27:25/06/2022