"لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە بوونی هەیە"

سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ساڵیادی قوربانیانی ئەشکەنجە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە بوونی ھەیە، ئەمەش پێویستی دەکات لەسەرمان کە بەردەوامبین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاوانە".

سەنتەری پەرەپیدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە بوونی ھەیە، ئەمەش پێویستی دەکات لەسەرمان کە بەردەوامبین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاوانە و خۆگونجاندن لەگەڵ ڕێکەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە و پرنسیپەکانی دیکەی مافی مرۆڤ". 

ئەوەش هاتووە" بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە ئەرک و بەرپرسیارێتی ھەر سێ سەرۆکایەتیەکەی ھەرێم و ئەنجومەنی دادوەری و داواکاری گشتی و تاک بە تاکی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە و پێویستە لەسەر ھەمووان چیتر چاوپۆشی لەم تاوانە نەکەین". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

((ئەشکەنجەو مامەڵەی نامرۆڤانە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لە تای تەرازوی مافەکانی مرۆڤدا))

ئەمرۆ ٢٦- ٦پێدەنێینە (٤٠) چل ھەمین ساڵیادی ڕۆژی جیھانی پاڵپشتی لە ڕزگاربووانی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانەیە، ئەم بۆنەیە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە و لە سەرتاسەری جیھاندا  بەرز ڕادەگیرێت و چالاکی جۆراوجۆری تێدا ئەنجام دەدرێت، ئەوەی گرنگە بەلای ئێمەوە وەک ڕێکخراوی DHRD کە نزیکەی چواردە ساڵ زیاترە کاردەکەین بۆ بەرەنگابوونەوەی ئەشکەنجە وە بڕیارمان داوە بەردەوامبین و بەرەنگاری ئەو تاوانە ببینەوە بەشێوازی یاسایی جۆربەجۆر ھەر لە (نوێنەرایەتی یاسایی رزگاربووانی ئەشکەنجە و داکۆکیکردن و پشتگیری تا دەگاتە شیاندنەوەی ڕزگاربووان و قوربانیانی ئەشکەنجەو مامەڵەی دڵڕەقانە و نامرۆڤانە ) بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوبەشەکانمان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان وە ھاوکارانمان لە پەرلەمانی کوردستان و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و دامودەزگا حکومییە پەیوەندیدارەکان و دەزگا جیاوازەکانی ڕاگەیاندن .

ھەر لەم میانەیەدا و  سەڕەڕای بوونی بەربەست و ئاڵنگاری قورس لە بەردەم کارەکانماندا توانیومانە بەردەوام بین و بەشداربین لە دروستکردنی گۆڕانکاری ئەرێنی لەسەر دەسەڵاتە جیاوازەکان بە ئاڕاستەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە و دڵڕەقانە و دروست کردنی کاریگەری لەسەر بەشێک لە دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان،ھەرچەندە ھەنگاوەکان لە ئاستی چاوەڕوانیەکانماندا نین  , بەڵام  پەسەندکردنی پلانی ھەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاماژەی ئەرێنین  بۆ ئەو ڕاستییەی خستمانەڕوو ،  ھاوکات پەسەندکردنی دەوڵەتی عێراق  لەسەر پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان ناسراو بە (UNCAT) (پەیماننامەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە و دڵڕەقانە و کەرامەت شکێن) لە٧-٦-٢٠١١  ،کە تیایدا بە پێی یاسای نێودەوڵەتی ڕێگا لە ئەشکەنجەدان دەگرێت و داوا لە دەوڵەتانی ئەندام دەکات ڕێوشوێنی کارا بۆ قەدەغەکردنی بگرنە بەر، بۆیە لێرەوە ئەنجامدانی تاوانی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە لەگەڵ ھاوڵاتیان بەگشتی و تۆمەتباران بە تایبەتی لە پرسێکی ناوخۆییەوە بۆتە پرسێکی نێودەوڵەتی وەکو پێشتر مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت ھەربۆیە تاکو ئێستا دوو جار لە لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە سەر بەکۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم پرسەی تاوتوێ کردووە لەسەر عێراق و ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە کە حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە تایبەتەکانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ڕاپۆرتیان لەسەر داوە .

ئەم خاڵانەی خوارەوە لەگەڵ چەندین خاڵی دیکە وەک خاڵی نەرێنی ھەژمارکراون کە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤن:

١. دەرنەچوونی یاسایەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان.
٢. بەندکراوان دەستیان ناگات بە سەرجەم گرنتیە  یاساییەکان.
٣. دەست گەیشتن بە پارێزەر بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو دوادەخرێت.
٤. رئگریکردن لە ئامادەبوونی پارێزەر بەتایبەت لە کەیسەکانی تیرۆردا.
٥. ئەنجامنەدانی پشکنینی پزیشکی سەربەخۆ بۆ دەرخستنی نیشانەکانی ئەشکەنجە.
٦. ئاگادارنەکردنەوەی کەسوکار لەکاتی دەستگیرکردن.
٧. ئامادەنەکردنی دەستگیرکراوان لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە دەستگیرکردن.
٨. بەھۆی ترس لە تۆڵەکردنەوە سکاڵا ناکرێت لەسەر ئەشکەنجەدان.
٩. ھەمان دادوەری لێکۆڵینەوە لە تاوانی ئاسایی لەسەر ھەمان سکاڵای ئەشکەنجە کارەکات.
١٠. ڕێکارەکانی دادوەرانی لێکۆڵینەوە  زۆر خاوە بەجۆرێک کە ناگاتە لێپرسینەوە لە تاوانکاران.

ھەروەھا زۆرێکی تر لەو خاڵانەی کە تاوەکو ئێستا وەکو گرفت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە بوونی ھەیە کە بەڵگەن لەسەر ئەوەی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە بوونی ھەیە ئەمەش پێویستی دەکات لەسەرمان کە بەردەوامبین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاوانە و خۆگونجاندن لەگەڵ ڕێکەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە و پرنسیپەکانی دیکەی مافی مرۆڤ.

لە کۆتاییشدا رایدەگەیەنین، کە بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە ئەرک و بەرپرسیارێتی ھەر سێ سەرۆکایەتیەکە ی ھەرێم و ئەنجومەنی دادوەری و داواکاری گشتی و تاک بە تاکی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە و پێویستە لەسەر ھەمووان چیتر چاوپۆشی لەم تاوانە نەکەین.

سەنتەری پەرەپیدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ
DHRD
٢٦-٦-٢٠٢٢


AM:10:43:26/06/2022