ئەمەریكا هەڵوێستی خۆی لەسەر هێرشكردنە سەر كێڵگەی كۆرمۆر راگەیاند


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئیدانەی هێرشكردنە سەر كێڵگەی گازیی كۆرمۆر دەكات و داوای لێكۆڵینەوە بە دادگا گەیاندنی ئەنجامدانی هێرشەكان دەكات.

ئەمڕۆ نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "وڵاتەكەی لەگەڵ هاوبەشەكانی دەبێت لە سەركۆنەكردنی هێرشە مووشەكی و هاوەنییە بەردەوامەكان كە هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەنە ئامانج، لەوانەش ئەو سێ هێرشەی لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا كرانە سەر ژێرخانی نەوت و گاز لە سلێمانی، مەبەست لەم هێرشانەی تێكدانی سەقامگیریی ئابوورییە."  
 
ناوبراو وتویەتی "ئامانج لەو هێرشانە لاوازكردنی سەقامگیریی ئابوورییە، هەروەك چۆن ئامانج لێیان ئەوەیە ئاستەنگ بۆ سەروەریی عێراق و دابەشبوون و تۆقاندن دروست بكەن." 
 
كۆرمۆر یەكێكە لە گوندەكانی ناحیەی قادر كەرەم لە پارێزگای سلێمانی و كۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانیان لە كێڵگەكانیدا كردووە.
 
شەوی رابردوو، هێزێكی زۆری پێشمەرگە بە چەكی "سووك و مامناوەندەوە" رەوانەی ناحیەی قادر كەرەم كران؛ دوای ئەوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی كێڵگەی گازی كۆرمۆری كرد.



PM:07:54:26/06/2022